بەهۆی نەخۆشییەوە... گەنجێكی هەولێر داوا لە فڕەنسا دەكات دیپۆرتی بكاتەوە

:: PM:08:44:11/05/2024 ‌
"تاسان" كە لە بواری ئەدەبیاتدا دەنووسێت و دانیشتووی وڵاتی فڕەنسایە و لە بنەڕەتدا خەڵكی گەڕەکى كورانی شارى هەولێرە، لە فڕەنسا تووشی نەخۆشی بووە و بە گوتەی خۆی نەخۆشییەكەی مەترسیدارە و دەیەوێ فڕەنسا دیپۆرتی بكاتەوە، بەڵام وەڵامی نەدراوەتەوە و داوای هاوكاری دەكات بۆ دیپۆرت كردنەوە. 

ئەمڕۆ شەموو 11ی ئایاری 2024، "تاسان" لە فەیسبووكی خۆی لەژێر ناونیشانی "دوا نامەی من" نامەیەكی بڵاو كردووەتەوە و لە نامەكەدا هاتووە، تکایە هەر کەسێک نوێنەری حکوومەتی هەرێمی کوردستان لە پاریس دەناسێت، ئەم کورتەنامەیەی منی پێی بگەینێت، یا هەر بەرپرسێكی تر. 

زیاتر هاتووە، دەمێکە داوام لە فڕەنسا کردووە کە دیپۆرتم بکەنەوە، بەڵام هیچ وەڵامێكم نادەنەوە، من دەزانم لێرە لە ژوورەکەمدا "دەتۆپم"، ڕۆژانە ڕشانەوە و خوێنی کۆم و ئاوسانی پاژنەپێ و سڕبوونی ئەژنۆ و گەدەی بریندار و گورچیلەی سست و...هتد. 

لە درێژەی نامەكەیدا نووسراوە، "تکایە تەنێ دەمەوێت لەناو خاکی کوردەواریدا بمرم، هیچ شتێکی ترم ناوێت. ئەوپەڕی بەرگەی هەفتەیەکی تری ئازار دەگرم، تکایە ڕێگەیەکم بۆ بدۆزنەوە بەڵکو بتوانم بگەڕێمەوە، تکایە لەم دۆزەخە قوتارم بکەن، دەمەوێت لەناو گەڕەک و دێ و شاری خۆمدا بمرم".


وشە - پۆڵا مەحموود