دوای وەستانی دڵی بۆ ماوەی 19 سەعات ژیان بۆ منداڵێكی مردوو گەڕایەوە

:: AM:10:20:12/05/2024 ‌
لە پەرجوو "موعجیزە"یەكی دەگمەندا لە نەخۆشخانەیەكی ئەمەریكا، منداڵێكی تەمەن چوار ساڵی بۆ ماوەی 19 سەعات دڵی لە لێدان كەوت و خێزانەكەی ئامادەكارییان كرد بۆ ماڵئاوایی لە ژیانی، كەچی دیسان دڵی كەوتە لێدان و ژیانی بۆ گەڕایەوە.

پێگەی "عەرەبیە" كە هەواڵەكەی لە میدیاكانی ئەمەریكا وەرگرتووە و بڵاوی كردووەتەوە، كارتییە ماكدانیڵ كە منداڵێكی چوار ساڵەیە، پێشتر تووشی تایەكی بەرز بوو و دایك و باوكی بۆ نەخۆشخانەیان گواستەوە، بەڵام لەوێ دۆخی تەندروستی تێكچووبوو و دڵی لە لێدان كەوت، بەردەوام پزیشكان لە هەوڵی ئەوەدا بوون بە ئامێرە پزیشكییەكان چارەسەری بكەن، بەڵام هیوایان نەما و دایك و باوكی منداڵەكە ئامادەكارییان بۆ ماڵئاوایی لە منداڵەكەیان كرد، كەچی لە دوای 19 سەعات دیسان دڵی كەوتەوە كار و لێدان.

باس لەوە دەكرێ كە كاتێك منداڵەكە تووشی تا بووە و بۆ نەخۆشخانە گوازراوەتەوە، وردە وردە دۆخی تێكچووە و دەستی پێیەكانی سارد بوون و لێوەكانی شین بوون، تەنانەت لێوارەكانی چاویشی رەش داگەڕان و نەیدەتوانی بەباشی هەناسە بدات، بۆیە گەیشتە ئەوەی دڵی لە لێدان بكەوێت.

ئاماژە بەوە كراوە، پزیشكان خێزانی منداڵەكەیان ئاگادار كردووەتەوە كە وێڕای هەوڵەكانیان، بەڵام دڵی ناكەوێتە كار و دواتریش بێ هیوا بوون لە هەوڵەكانیان، لە ناكاو و لە پەرجوویەكدا دیسان دڵی منداڵەكە كەوتە لێدان و لە مردن رزگاری بوو.

دایك و باوكی كارتییە بۆ میدیاكان گوتوویانە، كاتێك منداڵەكەیان دڵی لە لێدان وەستا، پزیشكان گوتوویانە لە هەوڵدان چارەسەری بۆ بكەن، بەڵام كاتێك وەستانەكە لە 19 سەعات نزیك بووەوە، هەمووان بێ هیوا بوون و ئامادەكارییان كردووە ماڵئاوایی لە منداڵەكە بكەن، كەچی بە پەرجوویەك و لە ناكاودا دڵی كەوتەوە كار و دەستی بە لێدان كردەوە.

ئاماژە دراوە كە پزیشكان هیچ شیكردنەوەیەكی زانستییان بۆ ئەو حاڵەتە نەبووە، بۆیە دایك و باوكی كارتییە دەڵێن، "تەنیا خودا لە پشتی بووە و ژیانی بۆ گەڕاندەوە". تۆڕی "ئێن بی سی"ی ئەمەریكی ئەوەی بڵاو كردەوە.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د