شارەزایان: دەبێت دادگا بێلایەن بێت و لە دەستوەردان و دەسەڵاتی كەسانی تر دوور بێت

:: PM:10:12:14/05/2024 ‌

شارەزایان باس لەوە دەكەن كە ئەگەر دادگای فیدراڵی لە بەرژەوەندیی فەرمانبەرانی هەرێم بڕیاری داوە، بۆچی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی بڕیارەكە ناكرێت؟، كە حكوومەتی عێراق پابەند كراوە بۆ پێدانی مووچە، دووپاتی دەكەنەوە كە دەبێت دادگا بێلایەن بێ و لە دەستوەردان دوور بێت.

رەسووڵ رەئووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی لە رووی پابەندبوون و جێبەجێكردنەوە جیاوازن، واتە ئەوانەی لە بەرژەوەندیی خۆیانە لەگەڵ ئەو بڕیارانەی لە بەرژەوەندیی هەرێمی كوردستانە لە جێبەجێكردنیان جیاوازن، هەر كاتێك و لە هەر وڵاتێك كە دەزگەیەك لە سەرووی دەزگەی شەرعیی هەڵبژاردنەوە بوو، مانای وایە ئەو وڵاتە دیموكراتی تیادا نامێنێت، چونكە پرۆسەی دیموكراتی شەرعیەتدانە بە دەنگی خەڵك، دەنگی خەڵكیش پەرلەمان و سێ سەرۆكایەتییەكان هەڵدەبژێرێت، بۆیە نابێت هیچ دەزگەیەك لەوانە باڵاتر بێت.

هەروەها گوتی، ئەو كەسەی دادگای فیدراڵی داناوە، لە سەرۆكی پەرلەمان و دەسەڵاتەكانی پەرلەمان بەهێزتر نییە، بەڵام ئەوەی روو دەدا و لەگەڵ كورد دەیكات، روون بووەوە كە دادگەیەكی شیعە مەزەوە و بۆ رێكخستنی ئەو بەربەستانەیە كە لە پێشیەتی و چۆڵكردنی گۆڕەپانەكەیە بۆ خۆیان، دوو ساڵە دژی كورد بڕیار دەدات، پەرلەمانی كوردستانی هەڵوەشاندەوە، بابەتی مووچە و چەندین پرسی تر، كەچی یەك بڕیاری بۆ بەرژەوەندیی خەڵك دەركرد كە بۆ مووچەخۆرانی هەرێم باش بوو، بەڵام تا ئێستە پابەندبوون پێوەی نییە و جێبەجێ ناكرێت.

لای خۆیەوە كاوە فەتحوڵا، كادری پێشكەوتووی پارتی دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی گوت، راستە دادگاكە لە دەستووری عێراق دەسەڵاتی پێ دراوە و تانەدان لە بڕیارەكانی نییە، بەڵام پێدانی دەسەڵاتێكی لەو جۆرە بە دادگای فیدراڵی شتێكی باش نییە و دەبوو سێ دەسەڵاتەكەی تری عێراق كە سەركۆمار و سەرۆكی حكوومەت و سەرۆكی پەرلەمانن، بیانتوانیبوایە تانە لە بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی بدەن، هەروەها بۆچی دەبێت بڕیاری ئەو دادگایە لەبارەی مووچە جێبەجێ نەكرێت؟، كە بڕیارەكەی داوە، بۆچی بەدواداچوون بۆ جێبەجێكردنی ناكرێت؟

روونی كردەوە، ئەو پیلان و بەرنامەی دانراوە ئەوەیە عێراقی فیدراڵی نەمێنێت و ببێتە عێراقێكی یەك پارچە كە خۆیان دەسەڵاتی رەهایان تیادا هەبێت، ئەوەش بە بەرنامەیەك دەكرێت لە ناوخۆ و دەرەوەی وڵات و هەندێ سەركردەی ناو عێراق ئەو كارە دەكەن، سەرەتا لە كوردیان دا، دواتر لە هەموو پێكهاتەكانی تریش، بۆیە دوور نییە سبەی دادگاكە بڕیارێك دژی كورد دەربكات.

پێوەست بەو بابەتە هیوا رەشید، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەگەر دادگاكان دادپەروەر نەبن، ئەوا دەبێتە جێگەی داپڵۆسین و سەركوتكردن، بۆیە ئەگەر دادگا بێلایەنیی لە دەست دا نەك ناتوانێت ئاسایشی كۆمەڵاتی بپارێزێت، بەڵكو خۆی دەبێتە هۆی شێواندنی و دادپەروەری بوونی نابێت و هاووڵاتییانیش متمانە بە بڕیارەكانی ناكەن، پێوستە دادگا گوێڕایەڵی هیچ لە دەسەڵاتەكان نەبێت، چونكە كاتێك لە دەستی هەركام لەو دەسەڵاتانە بوو، خۆی دەسەڵاتی نابێ و دەبێتە جێبەجێكاری ئەو دەسەڵاتەی فەرمانی پێ دەكات.

وشە/ تایبەت



وشە - تایبه‌ت