جارێكی تر پەرلەمانی توركیا زمانی كوردیی ڕەت كردەوە

:: PM:01:48:15/05/2024 ‌
لە رۆژی زمانی كوردیدا، دەم پارتی بەفەرمی داوای ناساندنی زمانی كوردی و بەكارهێنانی دەكات، پەرلەمانی توركیا داواكە ڕەت دەكاتەوە.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی توركیا لە رۆژی زمانی كوردیدا بە فەرمیی ڕەتی كردەوە، گفتوگۆ لەبارەی زمانی كوردی و بەكارهێنانی وەك زمانی خوێندن بكات.

سەرۆكایەتیی پەرلەمانی توركیا لە وەڵامی پەرلەمانتارەكەی دەم پارتیدا رای گەیاندووە، پێشنیارەكە پێچەوانەی دەستوورە، دیارە بەگوێرەی مادەی سێییەمی دەستووری توركیا، "زمانی دەوڵەتی توركیا زمانی توركییە"، لەبەر ئەم هۆكارەش پێشنیارەكە ناخرێتە بەرنامەی كارەوە.

گوڵستان كڵچ كۆچیغیت پەرلەمانتاری دەم پارتی لەسەر بازنەی قەرس، لە رۆژی زمانی كوردیدا پێشنیارێكی  پێشكەشی سەرۆكایەتیی پەرلەمانی توركیا كردووە، لە پێشنیارەكەدا داوای كردووە خوێندن بە زمانی دایك گرەنتی بكرێت، زمانی كوردیش وەك زمانی دایك بۆ خوێندنی منداڵانی كورد قبووڵ بكرێت.

ئەمە چەندان جارە پارتی دەم داوای بەفەرمی ناساندنی زمانی كوردی و بەكارهێنانی وەك زمانی خوێندن بۆ خوێندكارانی كورد دەكات، پەرلەمانی توركیا و وەزارەتی پەروەردەی توركیاش هەموو جارێك داواكارییەكە رەت دەكەنەوە.

 15 ئایار ڕۆژی زمانی كوردییە، لەم ڕۆژەدا لە ساڵی 1932 یەكەمین ژمارەی گۆڤاری "هاوار" بە دەستی جەلادەت عالی بەدرخان لە دیمەشقی پایتەختی سووریا بڵاو كرایەوە. ئەو رۆژە كراوە بەرۆژی زمانی كوردی.



وشە - سۆران عەزیز