پارێزگای سلێمانی خاوه‌نی داهاتێكی زۆره، به‌ڵام ئه‌و داهاته به گوته‌ی په‌رله‌مانتاران سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتیی حكوومه‌ت، بۆ خزمه‌تكردنی سلێمانی خه‌رج ناكرێت و خزمه‌تی هاووڵاتییانی پێ ناكرێت، سلێمانی له رووی خزمه‌ت و رێگه‌وبان و پڕۆژه و خزمه‌تگوزاری له ئاستێكی خراپدایه.
له پارێزگای سلێمانی، سه‌ره‌ڕای بوونی دوو مه‌رزی فه‌رمی كه په‌روێزخان و باشماخه، هاوكات پێنج مه‌رزی نافه‌رمیشی هه‌یه به ناوه‌كانی سازان، به‌مۆ، شۆشمێ، سه‌یرانبه‌ن و كێلێ، ئه‌و مه‌رزانه هه‌موو كارێكی بازرگانی و ئاڵ‌وگۆڕیان تێدا ده‌كرێت و مانگانه داهاتێكی زۆر‌یان هه‌یه، به‌ڵام هه‌ر رێی ئه‌و مه‌رزانه زۆر خراپ و وێرانن و بۆ خزمه‌تی رێیه‌كه‌ش داهاته‌كه به‌كار ناهێنرێت.
ئه‌گه‌ر نموونه‌ی سایتی شه‌فافییه‌ت وه‌ربگرن كه نانه‌وتی پارێزگای سلێمانی بڵاو ده‌كاته‌وه، مانگی نیسانی ئه‌مساڵ داهاتی پارێزگاكه نزیكه‌ی 70 ملیار دینار بووه، مانگی ئاداری ئه‌مساڵ سه‌رووی 75 ملیار دینار بووه، ئه‌و پاره‌یه به گوته‌ی به‌رپرسان ناگه‌ڕێته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی و له خزمه‌تی سنووره‌كه‌ش به‌كار ناهێنرێت، ئه‌مه جگه له داهاتی نه‌وتی تانكه‌ر كه رۆژانه سه‌تان تانكه‌ر له مه‌رزی باشماخ و په‌روێزخانه‌وه ده‌چێته ئێران و داهاتیان ده‌یان ملیار دیناره.
كه‌ریم عه‌لی ئه‌ندامی پێشووی ئه‌نجوومه‌نی پارێزگای سلێمانی له گه‌رمیان، به "وشه"ی راگه‌یاند، داهاتی سلێمانی زۆره، به‌ڵام ئه‌وه‌ی هه‌یه به فه‌رمی ئاشكرا نه‌كراوه چه‌نده، به‌ڵام ئه‌وه‌ی ده‌ست ئێمه ده‌كه‌وت وه‌ك ئه‌ندامی ئه‌نجوومه‌ن، ته‌نیا داهاتی مانگانه‌ی مه‌رزه‌كانه كه ئه‌وكات سه‌رووی 25 ملیار دینار بوو، ئێسته زۆر زیاتر بووه، چونكه ئه‌گه‌ر ته‌نیا بارهه‌ڵگره‌كان حیساب بكه‌ن، هه‌ر بارهه‌ڵگرێك كه داخل ده‌كرێت، 850 هه‌زار دیناری به‌ناوی گومرگ لێ وه‌رده‌گیرێت، رۆژانه ژماره‌یان سه‌تان بارهه‌ڵگره.
ته‌نیا كاره‌با سه‌رووی 25 ملیار دینار بوو
ئه‌و گوتی، داهاتی فه‌رمانگه‌كانیش مانگانه رێژه‌یه‌كی زۆر بوو كه له سه‌رچاوه‌ی تایبه‌ت ده‌ستیان ده‌كه‌وت، ته‌نیا كاره‌با سه‌رووی 25 ملیار دینار بوو، داهاتی هاتوچۆی سلێمانی سه‌رووی 20 ملیار دینار بوو، داهات له سلێمانی زۆره، به‌ڵام خزمه‌تكردن سفره، رێی كه‌لار به ته‌كلیف كار ده‌كات و رێی باشماخ به هه‌مانشێوه، رێی په‌روێزخان وێرانه، پڕۆژه‌ی گه‌یاندنی كاره‌با بۆ گونده‌كانی گه‌رمیان كه 23 گونده كاره‌كانی راگیراوه، رێگه‌وبانی سلێمانی به‌ته‌واوی وێرانه، پڕۆژه‌ی راكێشانی ئاو بۆ ده‌وروبه‌ری سنووره‌كه پاره‌ی بۆ ته‌رخان نه‌كراوه، پاره‌یه‌ك له خزمه‌تی خه‌ڵك نه‌بێت واته نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه بۆ خه‌زێنه‌ی گشتی و له خزمه‌تی گشیش به‌كار نایه‌ت.
ئه‌و روونی كرده‌وه، رێیه‌كانی ده‌ره‌وه‌ی شاری سلێمانی رێی خراپ و وێرانن و كه‌ڵكی هاتوچۆیان نییه، ئه‌مه سه‌ره‌ڕای ئه‌وه‌ی رۆژانه به سه‌تان تانكه‌ر و بارهه‌ڵگر ئه‌و رێیانه به‌كار ده‌هێنن و به‌هۆیه‌وه رۆژانه و به‌رده‌وام رووداوی هاتوچۆ روو ده‌ده‌ن كه به‌شێكیان به‌هۆی خراپیی رێگه‌وبانه و شۆفێرانی بارهه‌ڵگریش ناڕه‌زایه‌تییان له خراپیی رێگه‌وبانی سلێمانی ده‌ربڕیوه، ئه‌مه‌ش له ئه‌نجامی خزمه‌ت نه‌كردنه وێڕای ئه‌و داهاته زۆره‌ی له سنووره‌كه هه‌یه.
به‌پێی ماڵپه‌ڕی شه‌فافییه‌ت، داهاتی نانه‌وتیی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین، له مانگی نیساندا نزیكه‌ی 69 ملیار دینار بووه، له مانگی ئادار بڕه‌كه‌ی 75 ملیار و 460 ملیۆن دینار بووه، هه‌روه‌ها كۆی داهاتی نانه‌وتیی سنووری پارێزگاكانی سلێمانی و هه‌ڵه‌بجه و ئیداره‌كانی گه‌رمیان و راپه‌ڕین له چوار مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵدا، بڕه‌كه‌ی گه‌یشتووه‌ته 322 ملیار و 495 ملیار دینار كه مانگانه 80 ملیار و 623 ملیۆن دینار ده‌كات.
له‌لایه‌كی تره‌وه، پڕۆژه‌كانی سنووره‌كه به‌شی زۆر‌یان راگیراون و كاریان تێدا ناكرێت، پێشتریش "وشه" ئه‌وه‌ی بڵاو كرده‌وه كه هۆكاری راگیران و خاوكاركردنی پڕۆژه‌كه بۆ ئه‌وه ده‌گه‌ڕێته‌وه، له بانكه‌كانه‌وه پاره خه‌رج ناكرێت بۆ پڕۆژه‌كان، په‌رله‌مانتارانیش ئاماژه‌یان به‌وه كردووه كه له بانكه‌كانه‌وه پاره خه‌رج ناكرێت بۆ پڕۆژه‌كان.
پێشتر ئاگرین عه‌بدوڵا بریكاری وه‌زاره‌تی ئاوه‌دانكردنه‌وه و نیشته‌جێكردن، به "وشه"ی راگه‌یاند، پڕۆژه‌یه‌كی وه‌ك دووسایدی كه‌لار ده‌ربه‌ندیخان، له‌لایه‌ن حكوومه‌ته‌وه بڕیاری خه‌رجكردنی پاره‌ی هه‌یه، به‌ڵام به‌هۆی ئه‌وه‌ی پاره له بانكه‌كان نییه، پاره به‌شێوه‌ی مانگانه بڕێكی كه‌می بۆ ته‌رخان ده‌كرێت.
وشه/ تایبه‌ت