روونكردنەوەیەك لە وەزارەتی داراییەوە لەبارەی ئەو شوێنانەی كە ناویان لە لیستی مووچە نەهاتووە

:: PM:07:42:15/05/2024 ‌
 
ئەمڕۆ وەزارەتی دارایی و ئابووری خشتەی مووچەی مانگی نیسانی راگەیاند، بەپێی خشتەكە 35 وەزارەت و دەستە تا دووشەمی داهاتوو مووچەكانیان وەردەگرن. 

هەریەك لە هێزەكانی یەكەی 70 و 80ی پێشمەرگە، هێزی بەرگری و فریاكەوتن، هێزەكانی زێرەڤانی، دەزگای ئاسایش، ئەنجوومەنی ئاسایش و پۆلیسی داوودەزگا نەوتییەكان ناویان لە خشتە بڵاوكراوەكەی لیستی مووچەی وەزارەتی دارایی نییە، لەمبارەیەوە وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە روونكردنەوەیەكدا وەك تێبینی لەگەڵ بڵاوكردنەوەی خشتەى مووچەدا روونی كردووەتەوە، "ئەم خشتەیە بەپێی ئەو تەمویلە ئامادە کراوە کە لەلایەن وەزارەتی دارایی حکوومەتی فیدراڵەوە نێردراوە".

دوێنێ 14ی ئایار، وەزارەتی دارایی و ئابووریی حكوومەتی هەرێمی كوردستان رای گەیاند، وەزارەتی دارایی فیدراڵ 168 ملیار دینارى خستووەتە سەر هەژماری وەزارەتی دارایی هەرێم و ئەمڕۆیش بەپێی راگەیەنراوی وەزارەتی دارایی 443 ملیارى تر خرایە سەر هەژمارەكە، بەمپێیە 611 ملیار دینار كۆی گشتی رەوانەی هەرێم كراوە بۆ دابەشكردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی كوردستان. 

ئەمە لە كاتێكدایە، تەنیا بۆ دابەشكردنی مووچەی تەواوی مووچەخۆران، حكوومەتی هەرێم پێویستی بە نزیكەی 950 ملیار دیناری مانگانە هەیە و بەمپێیە، 339 ملیار دینار ماوە لەلایەن عێراقەوە بنێردرێت.
 


وشە - پۆڵا مەحموود