چوارچێوەی شیعە پالپشتی لە مەحموود مەشهەدانی دەكات

:: PM:07:48:15/05/2024 ‌

بڕیارە شەمووی داهاتوو پەرلەمانی عێراق دانیشتنێك بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان ساز بكات، هێزە سوننەكان دوو كاندیدیان هەیە كە سالم عیساوی، كاندیدی خەمیس خەنجەر و مەحموود مەشهەدانی، كاندیدی فراكسیۆنی سەدارە و نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسان، سەركردەیەكی شیعە دووپاتی كردەوە كە خەریكە پۆستەكە بۆ مەشهەدانی یەكلا دەبێتەوە. 

پۆستی سەرۆكی پەرلەمانی عێراق لە پشكی سوننەیە، لە ناو سوننەش تا ئێستە بۆ حزبی تەقەدومی محەمەد حەلبووسی بووە، بەڵام دوای دوورخستنەوەی حەلبووسی لەلایەن دادگای فیدراڵییەوە بەر لە چەند مانگێك، تا ئێستە شیعە نەیهێشتووە پۆستەكە یەكلا ببێتەوە، ئێستەش دوای گوشار و ناچاركردنی سوننە، خەریكە ئەو كاندیدیەی نووری مالیكی بۆ شوێنی حەلبووسی بەر لە چەند مانگ پاڵپشتیی دەكرد، دەبێتە سەرۆكی پەرلەمان.

مەحموود حەیانی، سەركردە لە هاوپەیمانیی "فەتح"ی هادی عامری دەڵێت، دوای هاوپەیمانیی فراكسیۆنی سەدارە و حزبەكەی حەلبووسی، خەریكە ئاراستەی بۆچوونەكان لەبارەی سەرۆكی پەرلەمان دەگۆڕێن، بەتایبەتی كە ئەو دوو قەوارە زۆرینەی كورسییەكانی سوننەیان لە پەرلەمان هەیە، جیا لە بوونی پاڵپشتیی ژمارەیەك سەركردەی كاریگەری سوننە.

روونی كردەوە، بەپێی گۆڕانكارییەكانی دوایی زۆرینەی هێزەكانی چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەرەو دەنگدان بۆ بەرژەوەندیی مەحموود مەشهەدانی بۆ پۆستی سەرۆكی پەرلەمان دەچن، بەتایبەتی كە چوارچێوە پاڵپشتی لەو بارستە سوننەیە دەكات كە خاوەنی زیاترین كورسییە لە پەرلەمان، ئەوەش بۆ پارێزگاریكردن لە نەریتی سیاسی، ئەو زۆرینەیەش دوای هاوپەیمانیی فراكسیۆنی سەدارە و بارستەی حزبی تەقەدوم لە پەرلەمان دروست بوو. 

حەیانی دووپاتی كردەوە كە مەحموود مەشهەدانی كاندیدی نووری مالیكی، سەرۆكی هاوپەیمانی دەوڵەتی یاسایە و ئەو قسەی لەناو چوارچێوەی هاوئاهەنگی بەهێز و بیستراوە، بۆیە لە دانیشتنی شەمووی پەرلەمان كە بۆ هەڵبژاردنی سەرۆكی پەرلەمان تەرخان كراوە، زۆرینەی چوارچێوە دەنگ بۆ مەشهەدانی دەدەن.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل