بێریڤان سه‌ربه‌ست ئه‌و خانمه ئه‌كته‌ره‌یه كه تا ئێسته به‌شداری له چه‌ندان دراما و شانۆ كردووه، یه‌كه‌م ده‌ركه‌وتنی له ساڵی 2007 بوو كه به‌شداری له شانۆگه‌رییه‌ك كرد، به‌ڵام وه‌ك خۆی ده‌ڵێت، ئێسته‌یش ترسی له شانۆ هه‌یه كاتێك ده‌قێكی قورسی پێ ده‌درێت نه‌كا بیری بچێته‌وه.
بۆچی هێشتا درامای كوردی وه‌ك پێویست به‌رهه‌م ناهێنرێ؟
راسته ئێسته به‌رهه‌می كوردی كه‌م ده‌بینین، كه ئه‌مه‌یش به رێژه‌یه‌كی زۆر پێوه‌ندی به نه‌بوونی پلانی مادییه‌وه هه‌یه، به‌شێكیش پێوه‌ندی به ده‌رهێنه‌ری بێ به‌ڵێنه‌وه هه‌یه، كه پاره‌یه‌كی باشی له حكوومه‌ت وه‌رگرتووه و هیچ به‌رهه‌مێكی نه‌بووه.
زۆرێك له ئه‌كته‌ران رۆڵی ماچ و باوه‌ش قبوول ناكه‌ن، ئه‌گه‌ر ئه‌م رۆڵانه‌ت بۆ بێته پێشه‌وه قبوولی ده‌كه‌یت؟
هه‌ر رۆڵێك له‌گه‌ڵ دابونه‌ریت و په‌روه‌رده و ره‌وشتی كۆمه‌ڵگه نه‌گونجێت لای من جێگای قبوول نییه.
له‌م چه‌ند ساڵانه‌ی رابردوو چه‌ند هونه‌رمه‌ندێكی خۆشه‌ویستمان له ده‌ستدا، تۆ به مردنی كام هونه‌رمه‌ند زۆر په‌رۆش بوویت؟
سه‌ره‌تا دڵگرانم بۆ كۆچی دوایی هه‌ر هونه‌رمه‌ندێك، كه له‌م چه‌ند ساڵه‌ی دواییدا ماڵئاواییان كرد كه هه‌ر یه‌كێكیان كۆمه‌ڵێك یادگاری جوانیان له هزر و دڵ و ده‌روونی ئێمه‌دا بۆ تاهه‌تایه جێهێشت، ئه‌وه‌ی كه زۆر داخی كرد به دڵمدا و هه‌رگیز بیرم ناچێته‌وه كۆچی دوایی سۆلاڤ شه‌یدا و گۆڤار ئه‌نوه‌ر بوو.
ده‌نگێكی خۆشت هه‌یه چۆنه نه‌بوویته گۆرانیبێژ؟
من ئه‌و هونه‌ره‌م جێهێشتووه بۆ ئه‌و كه‌سانه‌ی كه ده‌نگیان زۆر خۆشه، ره‌نگه له ئاینده بیری لێ بكه‌مه‌وه كه گۆرانی بڵێم.
كام درامات زۆر به‌لاوه جوان بوو كه تۆ به‌شداریت تیا نه‌كردبێت حه‌زت ده‌كرد له‌م درامایه‌دا به‌شدار بیت؟
یه‌كێك له‌و درامایانه‌ی كه من زۆر حه‌زم ده‌كرد رۆڵی تیا ببینم درامای "ئادیابین" بوو، ده‌ستخۆشی له ده‌رهێنه‌ری به توانا حه‌سه‌ن عه‌لی ده‌كه‌م، هیوای سه‌ركه‌وتن بۆ ئه‌و كه‌سانه ده‌خوازم كه به‌شدار بوون له‌م درامایه‌دا.
له درامای "به‌خته‌باران" كه‌سێكی زه‌نگینیت له راستیا كه‌سێكی چۆنیت؟
راسته له درامای به‌خته‌باران رۆڵی ئافره‌تێكی زه‌نگینم ده‌گێڕا، به‌ڵام له راستیدا ژیانێكی مامناوه‌ند ده‌ژیم.
وشه/ ئه‌حمه‌د تاریق