خەڵاتی رێزلێنان بەخشرایە شێرزاد نانەكەلی

:: PM:12:12:19/05/2024 ‌
هونەرمەند شێرزاد نانەكەلی كلیپێكی گۆرانیی بە ناوی "شاری پێكەوەژیان" بڵاو كردەوە، تێیدا هەولێری بە هێما و سەرقافڵەی پێكەوەژیان وەسف كردبوو، ئومێد خۆشناو سوپاسی كرد و رێزی لە كارە هونەرییەكەی گرت.

ئەمڕۆ یەكشەم 19ی ئایار، ئومێد خۆشناو پارێزگاری هەولێر بە ئامادەبوونی فەرهەنگ غەفوور بەڕێوەبەری گشتیی رۆشنبیری و هونەری پارێزگای هەولێر، پێشوازییان لە گۆرانبێژ شێرزاد نانەكەلی كرد، لە دیدارەكەیاندا پارێزگاری هەولێر سوپاسی هونەرمەند شێرزاد نانەكەلی كرد و دەستخۆشی بڵاوكردنەوەی كلیپە نوێیەكەی لێ كرد .

پارێزگاری هەولێر دووپاتی كردەوە، رێز لە كارەكانی هونەرمەند شێرزاد نانەكەلی و تەواوی هونەرمەندانی شاری هەولێر و هەرێمی كوردستان دەگرن، هەمیشە پشتگیریی لە بیرۆكە و كاری ناوازە و نوێ دەكەن. ئەوەشی گوت كە پاڵپشتیكردنی ئەو بەرهەمە هونەرییانەی هۆكارن بۆ پتەوكردنی  پێكەوەژیانی مرۆڤایەتی و‌ خاك و نیشتمان و وڵات، بەردەوام دەبن.

لەبارەی بەرهەمە نوێیەكەی بەناوی "شاری پێكەوەژیان" شێرزاد نانەكەلی رای گەیاند، هەولێر هەمیشە شاری ئاشتی و پێكەوەژیان بووە بۆ تەواوی پێكهاتەكانی كوردستان، لە رێی ئەو بەرهەمەوە ویستم تابلۆی راستیی هەولێر پێشان بدەم، كە دوای هەزاران ساڵ بەردەوامە لە پاراستنی نەریت و كولتووری بەیە‌كەوەژیانی ئاینی و نەتەوەیی.



وشە - سۆران عەزیز