بایدن باری نائاسایی بۆ ساڵێكی تر لە عێراق درێژ كردەوە

:: AM:12:17:21/05/2024 ‌
ئەمڕۆ دووشەم 20ی ئایاری 2024، بایدن لە نامەیەكدا كە ئاراستەی كۆنگرێسی ئەمەریكای كردووە و كۆشكی سپی بڵاوی كردووەتەوە، بەربەستەكانی بەردەم ئاوەدانكردنەوەی رێكوپێكی عێراق و گەڕاندنەوە و پاراستنی ئارامی و ئاسایش و پەرەپێدانی دامەزراوە سیاسیی و ئیداریی و ئابوورییەكانی عێراق هێشتا هەڕەشە پێكدەهێنن بۆ ئاسایشی نیشتمانی و سیاسەتی دەرەوەی عێراق و بۆ ئەمەریكایش بەهەمان شێوە. 

لە نامەكەدا بایدن روونی كردووەتەوە، هەر بۆیە باری نائاسایی نیشتمانی بۆ سەقامگیری عێراق لە دوای 22ی ئایاری 2024، بۆ ماوەی ساڵێكی تریش بەردەوام دەبێت. 

جێگەی ئاماژەیە، بڕیاری ژمارە 13 هەزار و 303ی تایبەت بە عێراق كە لە ساڵی 2003 لەلایەن جۆر بۆشی كوڕەوە دەرچووە، بەو مانایە دێت كە سەرۆكی ئەمەریكا بۆی هەیە فەرمان دەربكات لە پێناو پاراستنی بەرژەوەندییە باڵاكانی ئەمەریكا كە پێوەندارن بە عێراقەوە. 

راگەیاندنی باری نائاسایی نیشتمانی رێگە بە سەرۆكی ئەمەریكا دەدات كە چەند دەسەڵاتێكی فراوانی خۆی پراكتیزە بكات بۆ بەرەنگاربوونەوەی ئەو هەڕەشانەی كە رووبەڕووی ئاسایشی نیشتمانی ئەمەریكا و سیاسەتی دەرەوەی وڵاتەكە دەبێتەوە، بە جۆرێك بڕیارەكان دەسەڵات بە سەرۆك دەدەن كە بتوانێت بڕیار دەربكات كە پەیوەیست بێ بە بازرگانی نێودەوڵەتی و بازرگانییەكانی تر لە رووە ئابووریی و یاساییەكانەوە. 

لەلایەكی ترەوە دەسەڵاتیشی ئەوەیش بە سەرۆك دەدات كە چەند دەسەڵاتێكی خۆی بەكار بهێنێت بۆ پاراستنی ئاسایش و تەناهیی عێراق بە مەبەستی پاراستنی بەرژەوەندییە پێوەندارەكانی ئەمەریكا بە عێراقەوە. 





وشە - پۆڵا مەحموود