فه‌رمانده‌ی مووشه‌كه‌كانی حزبوڵای لبنان كوژرا

:: AM:09:57:21/05/2024 ‌
له‌ هێرشێكی ئاسمانی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانی ئیسرائیل، قاسم سه‌قڵاوی فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی مووشه‌كه‌كانی حزبوڵای لبنان كوژرا، هێرشه‌كه‌ له‌ ڕێی درۆنه‌وه‌ بووه‌ و ده‌ستبه‌جێ فه‌رمانده‌كه‌ی حزبوڵا كوژراوه‌. 

ئه‌مڕۆ سێشه‌م 21ی مانگ پێگه‌ی ''تایمزی ئیسرائیل'' بڵاوی كرده‌وه‌، له‌ هێرشێكی درۆنی ئیسرائیل بۆ سه‌ر شاری ''صور'' له‌ خوارووی به‌یرووت، قاسم سه‌قڵاوی فه‌رمانده‌ی مووشه‌كه‌كانی حزبوڵای لبنان كوژراوه‌، دوای كوشتنی فه‌رمانده‌كه‌، حزبوڵای لبنان ڕه‌تی كرده‌وه‌ به‌ ناوی فه‌رمانده‌وه‌ وه‌فاتنامه‌ی بۆ بنووسێت، نكۆڵی له‌وه‌ ده‌كات ئیسرائیل فه‌رمانده‌یه‌كی كوشتبێت، له‌ به‌یاننامه‌كه‌ی حزبوڵادا هاتووه‌، ئه‌ندامێكیان كوژراوه‌.  

لای خۆیه‌وه‌ سوپای ئیسرائیل ڕای گه‌یاند، قاسم سه‌قڵاوی كه‌سی سه‌ره‌كی بووه‌ له‌ فه‌رمانكردن به‌ ئاراسته‌كردنی چه‌ندان مووشه‌كی حزبوڵا له‌ ڕۆژئاوای لبنانه‌وه‌ بۆ باكوری ئیسرائیل، هه‌روه‌ها له‌ شاری ''ڕامییه‌'' له‌ باشووری لبنان، ئیسرائیل له‌ ڕێی فڕۆكه‌ جه‌نگییه‌كانیه‌وه‌ ئامێرێكی ئاراسته‌كردنی مووشه‌كی تێكشكاندووه‌. 

له‌ وه‌ڵامی كوشتنی قاسم سه‌قڵاوی فه‌رمانده‌ی یه‌كه‌ی مووشه‌كه‌كانی حزوبوڵا، لبنان چه‌ندان مووشه‌كی ئاراسته‌ی ڕۆژئاوای ئیسرائیل كرد، ئیسرائیل به‌رپه‌چدانه‌وه‌ی هه‌موو مووشه‌كه‌كانی حزبوڵای ڕاگه‌یاند. 

ماوه‌ی حه‌وت مانگه‌ به‌ درێژایی شه‌ڕی غه‌زه‌، ئیسرائیل و حزبوڵای لبنان درێژه‌یان به‌ پێكدادانه‌كانی نێوانیان داوه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌ی حزبوڵا مووشه‌كێكی زیاتری ئاراسته‌ی ئیسرائیل كردووه‌، به‌ڵام هێرشه‌كانی ئیسرائیل ئامانجدار بووه‌ و تا ئێسته‌ زیاتر له‌ 30 فه‌رمانده‌ی باڵای حزبوڵایان كوشتووه‌.  


وشە - ئارا هێمن