"دابەشكردنی كورسیی پێكهاتەكان سیاسییە و پشتی بە ژمارەی دەنگی ئەوان نەبەستووە"

:: PM:10:07:21/05/2024 ‌

جارێكی تر بەغدا بە بڕیارە سیاسییەكان بەرانبەر بە هەرێمی كوردستان دژایەتیی خۆی دووپات كردەوە، كاتێك دابەشكاریی كورسیی پێكهاتەكانی هەرێم بەسەر پارێزگاكان ئەوەندەی بڕیاری سیاسی بوو ئەوەندە یاسایی نەبوو، چونكە دابەشكارییەكە لەسەر بنەمای جەماوەر و دەنگ و لایەنگریی پێكهاتەكان لە پارێزگاكانی هەرێمی كوردستان نەبووە.

ئەمڕۆ كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكانی عێراق بڕیاری دا لە 100 كورسیی پەرلەمانی كوردستان، پێنج كورسی بۆ پێكهاتەكان دابنرێت، بۆ ئەوەش دابەشی سەر پارێزگاكانی هەولێر و سلێمانی و دهۆك كراون، بۆ هەولێر دوو كورسی و بۆ سلێمانی دوو كورسی و بۆ دهۆكیش یەك كورسی، ژمارەیەك لە سیاستەوانان ئاماژە دەكەن كە بڕیارەكە سیاسی بووە نەك یاسایی و دابەشكاری لەسەر بنەمای دەنگ.

رەسووڵ رەئووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی پارتی سۆسیال دیموكراتی كوردستان بە "وشە"ی راگەیاند، گەڕانەوەی هەندێك لە كورسیی پێكهاتەكان دوو لایەنەیە، یەكەمیان گەڕانەوەیان شتێكی باشە و ناكرێ هەرێمی كوردستان كە ئاین و مەزەو و پێكهاتەی تری تیادایە و چەندین ساڵە نوێنەرایەتییان هەیە، ئێستە لە پەرلەمان بێبەش بكرێن، بە شێوەیەكی گشتی هەنگاوێكی باش بوو بۆ دووبارە پێكەوەژیان.

باسی لەوەش كرد، بابەتی دابەشكارییەكەش ئەوەندەی رەهەندێكی سیاسی لە پشت بوو، ئەوەندە یاسایی و لەسەر بنەمای دەنگ و ژمارەی دانیشتووان نەبوو، رێككەوتن لە نێوان لایەنەكان لە بەغدا بۆ ئەو دابەشكارییە هەبووە، بۆ رازیكردن و سیاسی بووە، نەك ژمارەی دەنگەكان، بابەتەكە لە نەتەوە دەرچووە و زیاتر ئاینەكانی وەك مەسیحی لەبەرچاو گیراوە و دوو كورسیش بۆ توركمانە، لە بڕیاری ئەمجارە لایەنی ئاینیش لەبەرچاو گیراوە، جیاوازیش لە نێوان لایەنەكان لە ناوچەكان بۆ ئەو دابەشكارییە هەیە و دیار نییە لە ناوچەیەك رێژەی كورسی دەبێت یان نا، بۆیە دەبوو پێوەرێك هەبووایە بۆ ئەو دابەشكارییە.

لای خۆیەوە سەرباز خۆشناو، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بزووتنەوەی پەیوەندی ئیسلامی بە "وشە"ی گوت، بڕیاری گەڕانەوەی كورسیی كۆتاكان شتێكی باش بوو، ئەو نەتەوانە چەندین ساڵە لە ناو یەكتری دەژین و پێویستی بەوە دەكرد لە ناو پەرلەمانیش دەنگ و رەنگی خۆیان هەبێت، ببنە نوێنەری خەڵك، دابەشكاریی كورسییەكانیش پێویستی بە ئامارێك لە نێوان پارێزگاكان هەیە، بۆ ئەوەی بزانرێت لە ناوچەكان رێژەكە چەندە و بەو شێوەیە دابەشكاری بكرایە.

روونی كردەوە، لە دابەشكارییەكەدا حیسابی پارێزگا كراوە و بە پێی گەورەیی پارێزگاكە دانراوە، ئەوەی گرنگ بوو دەبوو دیاریكردنی كورسییەكان لەسەر بنەمایەك بوایە بۆ ئەوەی بەو شێوەیە دابەش بكرایە، چونكە ئەوە كاریگەریشی لەسەر دەنگ دەبێت لە كاتی هەڵبژاردن.

پێوەست بە بابەتەكە رێبوار كەلاری، چاودێری سیاسی بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، ئەو دابەشكارییەی بۆ كورسیی پێكهاتەكان دانراوە لە كۆمسیۆنی عێراقەوە، ئەمە دیارە بابەتەكە و بڕیارەكەش جارێكی تر سیاسییە و قاڵبی یاسایی و پشتی بە ژمارەی دەنگ لە ناوچەكان نەبەستووە، ئێمە ناڵێن لە سنووری سلێمانی پێكهاتەكان نین، بەڵام رێژەكە جیاوازی هەیە لەگەڵ هەولێر، بۆ ئەوە دەبوو باشتر وردبوونەوە هەبوایە و دواتر بڕیار لەبارەی ئەو كورسییانە لە پارێزگاكان بدرایە.

ئەمە و پێشتر ئایدن مەعرووف، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی بەرەی توركمانی بە "وشە"ی راگەیاندبوو، ئەوان بەو بڕیارە رازی نابن و پێنج كورسی رەت دەكەنەوە، پێداگریش لەسەر ئەوە دەكەن كە هەر 11 كورسیی پێكهاتەكان بگەڕێتەوە.

وشە/ تایبەت



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل