ئەمڕۆ پەرلەمانی عێراق بڕیارەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس هەڵدەوەشێنێتەوە

:: AM:10:13:22/05/2024 ‌
پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵك بۆ خاوەنەكانیان، ئەمڕۆ لە پەرلەمانی عێراق گفتوگۆی لەسەر دەكرێ و واچاوەڕوان دەكرێت بەدەرچوونی ئەم یاسایە، كێشەی موڵكداریی جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر بكرێت.

بڕیارە ئەمڕۆ 22ی ئایار، پەرلەمانی عێراق بۆ خوێندنەوە و دەنگدان لەسەر چەند پڕۆژەیاسایەك كۆ ببێتەوە، لە ناویاندا هەمواری پڕۆژەیاسای درێژكردنەوەی ماوەی كاركردنی ئەنجوومەنی كۆمیسیارانە بۆ شەش مانگ، لەگەڵ هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی سەردەمی ڕژێمی بەعس بۆ گەڕاندنەوەی مافی خاوەندارێتیی موڵك و ماڵە داگیركراوەكان.

بەگوێرەی خشتەی كۆبوونەوەی ئەمڕۆ، پڕۆژەیاسای گەڕاندنەوەی خاوەندارێتیی موڵك بۆ خاوەنەكانیان، گفتوگۆی لەبارەوە دەكرێت، بە پەسندكردنی ئەم یاسایە، چاوەڕوان دەكرێت كێشەی موڵكداریی جووتیارانی كورد لە ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم چارەسەر بكرێـت.

هەڵوەشاندنەوەی بڕیارەكانی رژێمی پێشوو بەپلەی یەكەم گەڕانەوەی مافە بۆ كورد، چونكە زۆرینەی ئەو بڕیارانەی پێشتر دراون لەسەر خاك و ماڵ و دانیشتووانی كورد بووە. لە كۆتایی شەستەكانی سەدەی رابردووەوە رژێمی عێراق، چەندان بڕیاری دژی دانیشتووانی كورد لە عێراق داوە و دەستی بەسەر ماڵ و خاكیاندا گرتووە.

ئەنجوومەنی سەركردایەتیی شۆڕشی ساڵی 1981، بڕیاری تایبەت بە ڕاگواستنی كوردانی فەیلی و دەستبەسەراگرتنی زەوی و موڵك و ماڵیان لەلایەن ئەنجوومەنی سەركردایەتی شۆڕشەوە دا.






وشە - سۆران عەزیز