ئه‌مه‌ریكا: ئیسرائیل ته‌نیا 30% بۆ 35%ی چه‌كدارانی حه‌ماسی كوشتووه‌

:: AM:11:00:22/05/2024 ‌
هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا ئامارێكی شۆكهێنه‌ر بڵاو ده‌كاته‌وه‌ له‌باره‌ی شه‌ڕی غه‌زه‌ و پرسی سه‌ركه‌وتن یان شكستی ئیسرائیل، به‌گوێره‌ی ئاماره‌كه‌، ئیسرائیل به‌ لایه‌نی زۆره‌وه‌ ته‌نیا 35%ی چه‌كدارانی حه‌ماسی كوشتووه‌. 

ئه‌مڕۆ پێگه‌ی ''پۆلیتیكۆ'' بڵاوی كرده‌وه‌، هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كردووه‌، ڕێژه‌ی 65%ی تونێله‌كانی كه‌رتی غه‌زه‌ هێشتا له‌ كاردان و هیچ زیانێكیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌، به‌گوێره‌ی هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا، زۆرینه‌ی چه‌كدارانی حه‌ماس هێشتا له‌ ناو تونێله‌كاندا ماون و هیچ زیانێكیان پێ نه‌گه‌یشتووه‌. 

ئه‌وه‌ی جێی سه‌رنجه‌ هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا به‌ دڵنیاییه‌وه‌ باس له‌وه‌ ده‌كات، سوپای ئیسرائیل ته‌نیا 30% بۆ 35%ی چه‌كدارانی حه‌ماسی كوشتووه‌، ئه‌مه‌ له‌ كاتێكدا شه‌ڕه‌كه‌ بۆ ماوه‌ی حه‌وت مانگه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌ و 34 هه‌زار فه‌له‌ستینی سڤیل كوژراون. 

هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا پێی وایه‌، به‌مدواییه‌ حه‌ماس ئه‌ندامی زیاتری كۆ كردووه‌ته‌وه‌ و چه‌ندان سه‌ربازی خستووه‌ته‌ ناو ڕیزه‌كانیه‌وه‌. 

ئیسرائیل ئامانجی بنەبڕکردنی حەماسی هەیە و هێشتا چارەکێکی چەکدارەکانی ئەو گرووپەی کوشتووە
ماوه‌ی حه‌وت مانگه‌ شه‌ڕی غه‌زه‌ درێژه‌ی هه‌یه‌، له‌ كاتێكدا ئیسرائیل ئامانجی شه‌ڕه‌كه‌ی وه‌ك كۆتاهێنان به‌ حه‌ماس ناو هێناوه‌ له‌و كه‌رته‌، هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا باس له‌وه‌ ده‌كات، ئیسرائیل چاره‌كێكی حه‌ماسیشی كۆتایی پێ نه‌هێناوه‌، به‌مدواییه‌ ئیداره‌ی بایدن به‌ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكی كابینه‌ی جه‌نگیان ڕاگه‌یاند، له‌ به‌رانبه‌ر ڕاگرتنی هێرشی سه‌ر شاری ڕه‌فه‌ح، ئه‌مه‌ریكا هاوكاریی ئیسرائیل ده‌بێت له‌ كوشتنی سه‌ره‌ دیاره‌كانی حه‌ماس و ئاشكراكردنی ته‌واوی تونێله‌كان، به‌ڵام نه‌ته‌نیاهۆ ئه‌و ئۆفه‌ره‌ی ڕه‌ت كرده‌وه‌. 

ئێسته‌ كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل شه‌ق بووه‌ و هه‌ندێك له‌ وه‌زیره‌كان پێیان وایه‌ ده‌بێت ئامانجێكی واقیعی دابنێن و پلانیان هه‌بێت بۆ دوای شه‌ڕ. 


وشە - ئارا هێمن