عێراق دوای 27 ساڵ بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ سەرژمێری گشتیی بۆ دانیشتووانی بكات

:: AM:11:10:22/05/2024 ‌
بڕیارە لە مانگی 11ی ئەمساڵ سەرژمێریی گشتیی لە عێراق ئەنجام بدرێت، ئەمڕۆ یەكەمین تاقیكردنەوەی ئەنجامدانی سەرژمێرییەكە لە شاری هەولێر بەڕێوە چوو. 

سیروان محەمەد بەڕێوەبەری گشتیی ئامار لە وەزارەتی پلاندانانی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە لێدوانێكیدا بۆ دەزگاكانی ڕاگەیاندن ئاماژەی بۆ ئەوە كرد، پێشتر چەند ساڵێك كار كراوە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری لە عێراقدا،  كۆتا سەرژمێری لە ساڵی 1987دا كراوە و چەند جارێك بە هۆكاری سیاسی ئەم سەرژمێرییە دوا خراوە، بەڵام سەرەنجام ئێستە هەموو لایەنەكانی عێراق بە هەرێمی كوردستانیشەوە، كۆكن لەسەر ئەنجامدانی ئەم سەرژمێرییەی كە بڕیارە مانگی 11ی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت.

سیروان محەمەد ئاماژەی بەوەش كرد، ئێستە بودجەی پێویستیان لە بەردەستە بۆ ئەنجامدانی سەرژمێریی گشتی لە عێراقدا، پشكی هەرێمی كوردستانیش لەو بودجەیەی كە بۆ سەرژمێری دانیشتووان تەرخان كراوە، نزیكەی 400 ملیار دیناری پێویستە و گەیشتووەتە هەرێمی كوردستان .

لە چوارچێوەی تاقیكردنەوەكان بۆ سەرژمێری، ئەمڕۆ پرۆسەكە لە گەڕەكی مستەوفیی هەولێر بەڕێوە چوو، تێیدا سەرەتا گەمارۆسازی دەكرێت بۆ بلۆكی دەستنیشانكراو، پاشان دەستنیشانكردنی یەكەكانی نیشتەجێبوون و شێوازی نەخشەی پێكهاتەیی لەناو ئامارەكەدا، پاشانیش دەستنیشانكردنی كەسەكان بەپێی ڕەگەز و تەمەن و ئاستی خوێندەواری و جۆری نەخۆشی، هەروەها ئەندامێتییان لەناو چوارچێوەی خێزانەكەدا و پاشانیش ئاین و نەتەوەكەیان دیاری دەكرێت.

بەپێی خەمڵاندنی وەزارەتی پلاندانانی عێراق، ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتووەتە 44 ملیۆن و 249 هەزار و 883 كەس.
 
عێراق پێشتر بڕیاری دابوو هەر 10 ساڵ جارێك سەرژمێریی گشتی لە وڵات ئەنجام بدات، بەڵام ناكۆكییە سیاسییەكان رێگر بوون. ئەو سەرژمێرییانەی پێشتر ئەنجامی داون لە ساڵانی 1927، 1934، 1947، 1957، 1965، 1977 و 1987 بوون، دواجاریش 1997 بوو، ئێستە عێراق كار بە سەرژمێریی 1957 دەكات.



وشە - سۆران عەزیز