وەزیری تەندروستی و وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئاماژەیان بەئامادەكارییەكان بۆ بەرەنگاریی نەخۆشیی پەتای خوێنبەربوون لە كوردستان كرد، وەزیری تەندروستی گوتی، پێشبینییەكان پێمان دەڵێن لە جەژنی قورباندا حاڵەتەكانی ئەو پەتایە زیاتر دەبن.
بێگەرد تاڵەبانی ڕای گەیاند، بە هاوئاهەنگیی لەگەڵ وەزارەتی تەندروستیی و ڕێكخراوی فاو، بۆ كۆنترۆڵكردنی ئەو پەتایەی لە دوورگەیەكی نەورەسەكان لە كوردستاندا سەری هەڵدا كار دەكەن.
لەبارەی بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، بێگەرد تاڵەبانی گوتی، وەزارەتی كشتوكاڵ ڕێكارە تەكنیكییەكانی دەست پێ كردووە و بەڕێوەبەری گشتیی ڤێتێرنەری، سەرپەرشتیی راستەوخۆی لیژنەكانی بەڕێوەبەرایەتییەكانی ڤێتێرنەری دەكات لە هەرێمی كوردستان، بۆ دەرمانڕێژكردنی ئەو شوێنانەی ئاژەڵانیان تێدا بەخێو دەكرێن.
وەزیری كشتوكاڵی حكوومەتی هەرێمی كوردستان باسی لەوەش كرد، بۆ ڕێگریی لە بڵاوبوونەوەی نەخۆشیی تای خوێنبەربوون، چەند ڕێنوێنییەك بڵاو كراونەتەوە بە تایبەت كە لە جەژنی قوربان نزیك دەبینەوە و بەهۆی قوربانیكردن، مەترسیی بڵاوبوونەوەی پەتاكە زیاتر دەبێت.
لەبارەی تای خوێنبەربوونەوە سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان گوتی، ئێستە لەگەڵ رێكخراوی WHO سەرقاڵی خولی ڕاهێنان و دۆزینەوەی نەخۆشییە گوازراوەكانین، "ئێمە بەرنامەیەكمان هەیە وەك وەزارەت رۆژانە بە پرۆگرام كاریان لەسەر دەكەین.
وەزیری تەندروستی ئاماژی بەوە دا، نەخۆشیی تای خوێنبەربوون لە عێراق نەخۆشییەكە پەرەی سەندووە و دوێنێش لە كوردستان لە دەڤەری ئاكرێ حاڵەتێكی مردن تۆمار كراوە.
لەبارەی نەخۆشیی ناو نەورەسەكان وەزیری تەندروستی رای گەیاند، دۆخەكە لە ژێر كۆنترۆڵدایە، "ئێستە هیچ بەڵگەیەك نییە ئەو نەخۆشییە گوازرابێتـەوە بۆ مرۆڤ، دۆخەكەش لە ژێر چاودێریدایە".
سامان بەرزنجی گوتی، تای خوێنبەربوون لە عێراقدا 50 حاڵەت تۆمار كراوە و هەشت كەسیش بەو نەخۆشییە مردوون، بەڵام لە كوردستان دوو حاڵەتمان هەیە كە هەردووكیان لە یەك خێزانن و دوێنێ یەكێكیان مردووە.
وەزیری تەندروستی گوتی، پێویستە خەڵك مامەڵەی تەندروست لەگەڵ تای خوێنبەربوون بكەن، بەتایبەت ئێستە كە بەرەو جەژنی قوربان دەچین، پێشبینییەكان پێمان دەڵێن، حاڵەتەكان زیاتر دەبن، هەموو داتاكانی تەندروستیی جیهانی پێمان دەڵێن دوای جەژن، حاڵەتەكان سێ هێندە بەرز دەبنەوە، ئەمەش مەترسیدارە و دەبێـت خۆمان بۆ ئەوە ئامادە بكەین، هەموو ئەو شوێنانەی ئاژەڵیان تێدایە، دەرمانیان تێدا دەڕێژین و چەندان رێوشوێنی تر دەگرینەبەر.
وەزیری تەندروستی ئامۆژگاریی خەڵكی كوردستان دەكات و دەڵێت، ئەوەی لەسەر خەڵكە بریتییە لەوەی ئاژەڵێكی نەخۆش دەبینن، دوور بكەونەوە لێی، كەمتر نزیكی ئاژەڵیش بەگشتی ببنەوە، چونكە تای خوێنبەربوون نەخۆشییەكی گوازراوەیە.