دوو هاوسەری نوێ بە پاساوێكی سەیر جیا بوونەوە

:: PM:06:43:22/05/2024 ‌

رەنگە كێشەی جیابوونەوەی هاوسەران بە هەندێك هۆكار ئاسایی بێت، لەوانە نەگونجان و هیتریش، لە میسر زاوایەك لە یەكەم رۆژی هاوسەرگیریدا لە بووكەكەی جیا بووەوە، هۆكارەكەشی رەنگی چاوەكانی بوو، ئەو دەڵێت بە مەرجی رەنگی سەوزی چاوەكانی هێناویەتی، كەچی ژنەكە دوای هەستانی لە خەو لە یەكەم رۆژ، دەركەوت كە هاوێنەی داناوە و رەنگی چاوی سەوز نییە.

پیاوەكە ئەندازیارە و لە بەیانی یەكەم رۆژی هاوسەرێتی لە ژنەكەی جیا بووەتەوە، چونكە بۆی دەركەوتووە كە رەنگی چاوی ژنەكە سەوز نییە و ئەو هاوێنەی داناوە، نوها جوندی، پارێزەری ژنەكە لە دادگای خێزانی گوتی، بووكەكە كە قوتابی قۆناغی چوارەمی كۆلێجی یاسایە، شۆك گرتی كاتێك لە بەیانی یەكەم رۆژی هاوسەرێتی لەگەڵ زاوا تووشی شەڕ بوون، ئەو بێ هاوێنە لە خەو هەستاوە، كە پێشتر رەنگی چاوی سەوز بووە و زاواكە وای بینیوە. 

روونی كردەوە، زاواكە كە ئەوە دەبینێت، خۆی بۆ ناگیرێت و حسێب بۆ خۆشیی بووكەكە لە یەكەم رۆژی هاوسەرگیری ناكات، كە تەنیا چەند سعاتێكی خایاند، بووكەكەی بە فێڵكردن تۆمەتبار كرد و لێی جیا بووەوە، بووكەكە ویستی لە زاواكە بگەیەنێت كە ئەو بەهۆی كێشەی چاوەوە بە بەردەوام هاوێنە دادەنێت و تەنیا كاتی نوستن لە چاوی دەكاتەوە، جیا لەوە لە ماوەی دەزگیرانیدا كە دوو مانگ بووە، پرسیاری لەبارەی رەنگی چاوی لێ نەكردووە.

كەسوكاری بووكەكە هەوڵیان دا كێشەكە چارەسەر بكەن، بەڵام زاوا سوورە لەسەر مەرجی سەوزیی چاوی بووكەكە بۆ ئەوەی وەچەكانی وا دەربچن، كەسوكاری بووك دەڵێن تەنانەت ئەگەر رەنگی چاوی بووكیش سەوز بێت، راستە منداڵەكان بۆهێڵەكان هەڵدەگرن، بەڵام مەرج نییە رەنگی چاویان سەوز دەربچێت، كەچی زاواكە رەتی كردووەتەوە پاشگەز بێتەوە.

دادگای خێزانی بڕیاری خولعی لە بەرژەوەندیی بووكەكە دا، ئەوەش دوای ئەوەی زاوا رەتی كردەوە بە فەرمی لێی جیا بێتەوە و مافە شەرعییەكانی پێ بدات، چونكە هاوسەرگیرییەكە كراوە، جوندی دەڵێت، دوای بڕیاری خولع، هێشتا زاواكە رەتی دەكاتەوە مافە شەرعییەكان و كەلوپەلەكان هاوسەرگیری بە ژنەكە بدات.     



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل