بەتۆمەتی دزیكردن لە سندووقی كۆكردنەوەی خێر بۆ مزگەوت تۆمەتبارێك گیرا

:: AM:09:34:23/05/2024 ‌
لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە، تۆمەتبارێك گیرا كە دزیی لە سندووقی كۆكردنەوەی خێری چەند مزگەوتێك كردبوو.

ئەمڕۆ پێنجشەم 23ـی ئایار، پۆلیسی سلێمانی بڵاوی كردەوە، دوای ئەوەی دزی لە سندووقی كۆكردنەوەی خێری دوو مزگەوت لە شاری سلێمانی كرا، هێزەكانی پۆلیس لێكۆڵینەوە و بەدواداچوونەكانیان دەست پێ كرد.

باس لەوەش كراوە، دوای وەرگرتنی بڕیاری دادوەر، چاودێری خرایە سەر مزگەوتەكان و سەرەنجام توانرا لە كاتی دزیكردنەكەدا، تۆمەتبارێك لەلایەن مەفرەزەكانی نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی ئیبراهیم ئەحمەدەوە بگیرێت.

روون كراوەتەوە، ئێستە تۆمەتبار (ب، ل، ع  لەدایكبووی 2003) بەبڕیاری دادوەر و بەپێی مادەی 446 لە یاسای سزادانی عێراقی ڕاگیراوە. لە لێكۆڵینەوەكاندا ددانی بەوەدا ناوە كە لە چەند مزگەوتێك لە شاری سلێمانی و مزگەوتێكیش لە شاری هەولێر، دزیی لە سندووقی كۆكردنەوەی خێر بۆ ئەو مزگەوتانە كردووە.



وشە - رامیار جەواد