ئه‌ڵمانیا پابه‌نده‌ به‌ بڕیاره‌كه‌ی دادگای لاهای بۆ گرتنی نه‌ته‌نیاهۆ

:: AM:10:10:23/05/2024 ‌
ئۆلاف شۆڵز ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا به‌ فه‌رمی ڕای گه‌یاند، ئه‌گه‌ر بڕیاره‌كه‌ی كه‌ریم خان داواكاری گشتیی دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی له‌لایه‌ن دادگاكه‌وه‌ په‌سند بكرێت، ئه‌وا پابه‌ند ده‌بن پێوه‌ی و له‌ ئه‌گه‌ری سه‌ردانیكردنی بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكی كابینه‌ی جه‌نگ بۆ ئه‌ڵمانیا، سه‌رۆكه‌كه‌ ده‌گرن. 

پێگه‌ی ''تایمزی به‌ریتانی'' بڵاوی كرده‌وه‌، ستیفن هێبێسترێت گوته‌بێژی حكوومه‌ت دووپاتی له‌ گوته‌ی ئۆلاف شۆڵدز كردووه‌ته‌وه‌ و به‌ ڕۆژنامه‌نووسانی ڕاگه‌یاندووه‌، پابه‌ند ده‌بن به‌ بڕیاری دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی، ئه‌م گوتانه‌ی ئه‌ڵمانه‌كان دوای ئه‌وه‌ دێت، ڕۆن پرۆسۆر باڵوێزی ئیسرائیل له‌ به‌رلین داوای له‌ ڕاوێژكاری ئه‌ڵمانیا كرد، دژی بڕیاره‌كه‌ی دادگای دادی نێوده‌وڵه‌تی هه‌ڵوێست وه‌ربگرێت، به‌ڵام داواكه‌ی ئیسرائیل ده‌ستبه‌جێ ڕه‌ت كرایه‌وه‌. 

پابه‌ندبوونی ئه‌ڵمانیا و فڕه‌نسا و به‌لجیكا به‌ داواكه‌ی كه‌ریم خان داواكاری گشتیی دادگای لاهای بۆ گرتنی هه‌ریه‌ك له‌ بنیامین نه‌ته‌نیاهۆ سه‌رۆكی كابینه‌ی جه‌نگی ئیسرائیل و یواڤ گالانت وه‌زیری به‌رگریی ئیسرائیل، یه‌حیا سنوار و ئیسماعیل هه‌نیه‌ سه‌ركرده‌ی سه‌ربازی و سیاسیی حه‌ماس و محه‌مه‌د مه‌سیر سه‌ركرده‌ی دیاری حه‌ماس، بۆ بڕیاری پێشووی داگاكه‌ ده‌گه‌ڕێته‌وه‌ كاتێك داوای گرتنی ڤلادیمێر پوتین سه‌رۆكی ڕووسیای كرد. 

ئەمەریکا بڕیارەکەی دادگای لاهای ڕەت کردووەتەوە
ئه‌گه‌ر ئه‌وروپییه‌كان به‌ بڕیاری گرتنی نه‌ته‌نیاهۆ پابه‌ند نه‌بن، ئه‌وا بڕیاری گرتنی پوتین هیچ گرنگییه‌كی نامێنێت، جیاواز له‌ وڵاتانی ئه‌وروپا، ئه‌مه‌ریكایش دژی دادگاییكردنی سه‌ركرده‌كانی ئیسرائیل و حه‌ماسه‌ له‌ تای یه‌ك ته‌رازوودا و هه‌ڕه‌شه‌ی له‌ دادگای لاهای كردووه‌. 
 


وشە - ئارا هێمن