عێراق جگە لە ئێران كارەبا لە وڵاتانی كەنداو و توركیاش دەكڕێت

:: AM:10:14:23/05/2024 ‌
سەرەڕای ئەو هەموو نەوت و غازەی هەیە و ئەو بودجە گەورەیەی بەردەستی كابینە یەك لە دوای یەكەكانی حكوومەت، كەچی عێراق بەدەست بێ كارەباییەوە دەناڵێنێت، بەنیازە جگە لە كارەبای ئێران، كارەبای وڵاتانی كەنداویش ڕابكێشێت.

وەزارەتی كارەبای عێراق ڕای گەیاند، كارەكانی پڕۆژەی راكێشانی كارەبای نێوان عێراق و ژمارەیەك وڵاتی كەنداو بەردەوامە، هەموو رێككەوتنەكانیش لەو بوارەوە كراون و بڕیارە تا كۆتایی ئەمساڵ كارەباكەی وڵاتانی كەنداو بگات عێراق.

ئەحمەد عەبادی گوتەبێژی وەزارەتی كارەبای عێراق ڕای گەیاند، "كاركردن لەسەر پڕۆژەی هێڵی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی كەنداو لە هەموو ئاستەكاندا بەردەوامە، ئەم پڕۆژەیە گەورەترین و باشترین پڕۆژەی كارەبایە كە حكوومەت دابینی كردووە.

گوتەبێژەكەی كارەبای عێراق گوتی، "بڕیارە پڕۆژەی هێڵی كەنداو لە كۆتایی 2024 تەواو بكرێت، ئەم پڕۆژەیەش گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ پرسی سەقامگیریی سیستمی كارەبای نیشتمانی، ئەم كارە بەبێ هیچ پچڕانێك گەیشتووەتە قۆناغی زۆر پێشكەوتوو، هیچ بەربەستێكیش نییە تا كارەكانی پەكبخات".

عێراق كارەبای لە ئێران كڕیوە، خەریكە كارەبا توركیاش دەكڕێت، هاوكات هێڵێكی كارەبای لە ئوردنیشەوە راكێشاوە، ئێستەش كار لەسەر هێڵی كارەبا لەگەڵ وڵاتانی كەنداو دەكات كە بڕەكەی سێ هەزار مێگاواتە.



وشە - سۆران عەزیز