سوپای ئیسرائیل مووشه‌كی حه‌ماسی له‌ گۆڕستان دۆزییه‌وه‌

:: AM:11:47:23/05/2024 ‌
له‌ درێژه‌ی هێرشی سنوورداری ئیسرائیل بۆ سه‌ر شاری ڕه‌فه‌ح، سوپای ئیسرائیل مووشه‌ك و مووشه‌كهاوێژه‌كانی حه‌ماسی له‌ گۆڕستانێكی ڕه‌فه‌ح دۆزییه‌وه‌ له‌ باشووری كه‌رتی غه‌زه‌. 

ئه‌مڕۆ پێنجشه‌م 23 ئایار پێگه‌ی ''تایمزی ئیسرائیل'' بڵاوی كرده‌وه‌، سوپای ئیسرائیل له‌ شاری ڕه‌فه‌ح گۆڕستانێكیان دۆزیوه‌ته‌وه‌ كه‌ له‌لایه‌ن چه‌كدارانی حه‌ماسه‌وه‌ به‌كار هێنراوه‌، به‌مه‌به‌ستی حه‌شاردانی مووشه‌ك و هاوێژی مووشه‌كه‌كانیان، له‌ ژێر گۆڕستانه‌كه‌ ده‌ست به‌سه‌ر چه‌ندان جۆر له‌ چه‌ك و فیشه‌كدا گیراوه‌. 

له‌ ئۆپراسیۆنه‌كه‌یاندا بۆ سه‌ر گۆڕستانه‌كه‌، سه‌ربازانی سوپای ئیسرائیل چه‌ند چه‌كدارێكی حه‌ماسیان كوشتووه‌، هه‌ندێكیان هه‌ڵهاتوون بۆ ناو تونێله‌كانی ده‌وروبه‌ری گۆڕستانه‌كه‌ و گه‌ڕان به‌ دوایاندا به‌رده‌وامه‌. 

جێ باسه‌ حه‌وت مانگه‌ شه‌ڕی غه‌زه‌ به‌رده‌وامه‌، سه‌ره‌ڕای به‌ڵێنی ئیسرائیل بۆ بنه‌بڕكردنی حه‌ماس و له‌ناوبردنی ته‌واوی چه‌كداره‌كانی، دوێنێ هه‌واڵگریی ئه‌مه‌ریكا ئاشكرای كرد، ئیسرائیل ته‌نیا 30% بۆ 35%ی چه‌كدارانی حه‌ماسی كوشتووه و ڕێژه‌ی 65%ی تونێله‌كانی كه‌رتی غه‌زه‌ هێشتا له‌ كاردان و هیچ زیانێكیان پێ نه‌گه‌یشتووه.   


وشە - ئارا هێمن