مامۆستایەكی زانكۆ بەتۆمەتی هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر قوتابییانی دەگیرێت

:: PM:12:00:23/05/2024 ‌
سەرچاوەیەكی تەناهی لە پارێزگای زیقاری باشووری عێراق ئەمڕۆ رای گەیاند، مامۆستایەكی زانكۆ بەتۆمەتی شەڕفرۆشتن و هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر قوتابییەكانی گیراوە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ پێنجشەم 23ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوە تەناهییەكە، ئەو مامۆستایە سەرۆكی بەشی زانستی ژمێریارییە لە كۆلێژی ژمێریاریی زانكۆی سۆمەر لە باكوری پارێزگاكە، ئێستە بەتۆمەتی شەڕفرۆشتن و هەوڵدان بۆ دەستدرێژیی سێكسی بۆ سەر قوتابییەكانی گیراوە.

ئەوەشی گوت كە ئەو مامۆستایە بۆ كردەكانی، ئەوەی بەكار هێناوە كە لە تاقیكردنەوەكاندا بۆ دەرچوون هاوكاریی قوتابییە كچەكانی دەدات. 

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، تۆمەتبارەكە ئێستە لێكۆڵینەوەی لەگەڵ دەكرێ و رێوشوێنی یاسایی بەرانبەر دەگیرێتەبەر.

ئەم رووداوە دوای چەند رۆژێك بەرلە ئێستە دێ كە "عیماد شاوی" راگری كۆلێژی ژمێریاری لە زانكۆی بەسرە، دادگا سزای 15 ساڵ گرتنی بۆ دەكرد، تۆمەتەكەشی بەهەمانشێوە هەوڵدانی دەستدرێژیی سێكسی بوو بۆ سەر قوتابییە كچەكانی.




وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د