20 هەزار داری زەیتوون لە بەرزاییەكانی هەولێر دەچێنرێن

:: PM:12:23:23/05/2024 ‌
20 هەزار داری زەیتوون لە دەوروبەری هەولێر دەچێنرێن و زەیتی زەیتوونیان لێ دروست دەكرێت، وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستانیش رای گەیاند، دەزگای ڕوانگە بە هاوئاهەنگی ڕێكخراوی GIZ ی ئەڵمانی پاڵپشتیی دارایی دەكات.

وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاوی حكوومەتی هەرێمی كوردستان بڵاوی كردووەتەوە، پڕۆژەی چاندنی 20 هەزار داری زەیتوون لە دەوروبەری هەولێر، لە كەسنەزان دەبێت و دەتوانێ هەم بەرهەمی زەیتوونی هەبێت و هەم هەوای هەولێرش خاوێن بكاتەوە. 

بەپێی ڕاگەیەنراوی وەزارەتی كشتوكاڵ، بەڕێوەبەری گشتیی باخداری و دارستان و پاوانی هەرێمی كوردستان و لیژنەی وەزاری تایبەت، بەدواداچوونیان بۆ بەڕێوەچوونی پڕۆژەی چاندنی دار زەیتوونەكان كرد و ڕاسپاردەی پێویستیش دران بۆ بەدیهێنانی تەواوی ئامانجەكانی پڕۆژەكە.

پڕۆژەی چاندنی دار زەیتوونەكانی وەزارەتی كشتوكاڵ و سەرچاوەكانی ئاو لە كەسنەزان، لەلایەن دەزگای ڕوانگە بە هاوئاهەنگی ڕێكخراوی GIZ ی ئەڵمانی پاڵپشتیی دارایی دەكرێت، جگەلە سەوزكردنی ناوچەكە و خزمەتكردن بە ژینگە، پڕۆژەكە دەبێتە هۆكاری بەرهەمهێنانی زەیتی زەیتوون.

كوردستان بەهۆی بەپیتیی خاكەكەی و بوونی ژمارەیەكی زۆری داری زەیتوون، ساڵانە پێویستی بەوە نییە زەیتی زەیتوون لە دەرەوەی هاوردە بكات، بڕیارە لە داهاتوویەكی نزیكدا  هەزاران تۆن زەیتی زەیتوون هەناردەی دەرەوە بكات.

پێشتریش مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، كارگەی زەیتی زەیتوونی راسانی لە سنووری پارێزگای هەڵەبجە بەسەر كردەوە.

كارگەیەكی زەیتی زەیتوونی راسان لە ساڵی 2018 دامەزراوە و ئێستە كار بۆ فراوانكردنی دەكرێت. كارگەكە بووەتە فریادڕەسی بەرهەمی زەیتوونی بەشێك لە جووتیارانی هەرێمی كوردستان.



وشە - سۆران عەزیز