نۆڤلێتی "حەبیبە" چاپ و بڵاو كرایەوە

:: PM:02:09:23/05/2024 ‌
نۆڤلێتی "حەبیبە" كتێبێكی نوێی نیهاد جامییە، لەسەر ئەركی هونەرمەند حەمەسوار  عەزیز و بەكری بینەر و لە چاپخانەی كارۆ لە سلێمانی چاپ كراوە.

لە لێدوانێكیدا بۆ "وشە" نیهاد جامی ئاماژەی بەوە كرد، ئەمڕۆ تازەترین كتێبم نۆڤلێتی "حەبیبە" چاپ كرا، بۆ من ئەو كتێبە مانای تایبەتی هەیە و ئەركی ئەو هاوڕێیانەم كە چاپكردنیان گرتە ئەستۆی خۆیان، بە هیچ پەیڤێك وەڵامی میهرەبانییان نادرێتەوە.

لەبارەی كتێبەكەوە نیهاد جامی بۆ "وشە" دەڵێت، ئەم نۆڤلێتە بەدرێژایی چوار ساڵ كارم تێدا كردووە، لەو ماوەدا وڵاتەكانم گۆڕیوە و دۆخی تەندروستیم خراپ بوو، ژیانم لە نەخۆشخانە بردووەتە سەر، بەڵام هەوڵم داوە بە بەردەوام كار لەم كتێبەدا بكەم.

نووسەر لە درێژەی قسەكانیدا گوتی، نۆڤلێتەكە گەڕانەوەی ژنێكە لەڕێی نووسینەوە بۆ ناو ژیان، ئەوە گەڕانەوەی بەهای كتێبە بۆ ژیان، ئەوانە ئەوینداری كتێبن، بێ ئەوەی بۆیان گرنگ بێت دوای مردنیان چی ڕوو دەدات، ئاخۆ سەرنج و یاداشتەكانیان شایستەی ئەوەن بخوێنرێنەوە؟ كتێب چۆن مرۆڤ لە كەسێكی ئاسایی ناو بازاڕ دەگۆڕێت بۆ مرۆڤێكی بیركەرەوەی ناو كتێب؟ ڕەنگە تۆ ئەوە بە خەیاڵ بزانیت، بەڵام بۆ مرۆڤێك كە نهێنیی ژیان بەرەو كتێبی دەبات، سادەترین حەقیقەتە.

نیهاد جامی نووسەرێكی دیاری بواری شانۆ و فكرە، خاوەنی چەندان كتێبە و پێشتریش دەزگای میدیای "وشە" چەند كتێبێكی بەناوەكانی "كچەی خوێنەر، من لە ماڵی سەرۆك بووم و لە ئۆكتۆبەردا كوژرام" بۆ چاپ كردووە.



وشە - سۆران عەزیز