بورهان محەمەد: گۆرانییەكانم ساڕێژی برینی خۆم دەكەن

:: PM:02:48:23/05/2024 ‌
بورهان محەمەد هونەرمەندێكی دیاری كوردستانە، لە دیمانەیەكی لەگەڵ "وشە"دا باس لەوە دەكات كە لە كاری هونەریدا درۆی لەگەڵدا كراوە، ئاماژە بۆ ئەوەیش دەكات كە "گۆرانییەكانی ساڕێژی برینی خۆی دەكەن". 
 
لە كاروانی هونەریی تۆدا چ درۆیەكت لەگەڵ كراوە؟
زۆرجار هەندێك درۆ بەرانبەرت دەكرێت، ئەوەیە بەڵێنی كارێكت پێ دەدەن لە كاری هونەری بۆت بكەن، وات لێ دەكات باوەڕی پێ بكەیت، بەڵام دواتر راستگۆ نەبوونە.
 
كامە گۆرانیت پێوەندیی بە ژیانی راستەقینەی خۆتەوە هەیە؟
زۆرجار كە خۆم ئاواز بۆ خۆم دادەنێم، هەندێك شیعر هەڵدەبژێرم دەبێت هەستی خۆم بجووڵێنێت و پەیامێكی خۆشەویستی جوانی تێدابێت. 

گۆرانییەكانی تۆ ساڕێژی چ شتێك دەكەن؟
گۆرانییەكانم ساڕێژی برینی خۆم دەكەن، هەندێك جار خەمێك هەبێت یا خۆشییەك بۆ خۆشییەك گوتوومە، لە جەماوەرەكەشم لەوانەیە هەندێك گۆرانیم ئازارێكی هەبووبێت، ئەو گۆرانییەی من لەوانەیە ساڕێژی كردبێت بۆ ئەو زەمەنە، زۆربەی گۆرانییەكانی من شاد نین، ئەوەش پەیامێكە بۆ خۆم هەستم كردووە ئەو شیعرە لەگەڵمدا ژیاوە و كردوومە بە گۆرانی، بۆیە ئەگەر ئێش و ئازار بێت یا خۆشی بێت، ئەوا بەشدار بووە لە گیانی مندا.  

لە كوردستان وەك پێویست رێز لە هونەرمەندان دەگیرێت؟
ئەوە دەكەوێتەوە سەر كەسەكان، چونكە هەندێك كەس زۆر رێز لە هونەرمەند دەگرن، هەندێكیش هەیە بەچاوێكی نزم سەیری هونەرمەند دەكەن، هەرچەندە لە ساڵانی شەستەكانیشدا ئەوكات خەڵك بە چاوێكی بێڕێزی سەیری هونەرمەندیان دەكرد، بەڵام ئێستە ئەوە گۆڕاوە و بەمشێوەیە نییە.
  
داوات لێ بكەن بۆ لایڤ موزیك ئامادەیت بیكەیت؟
چەند جارێك داوایان لێ كردووم بۆ لایڤ موزیك، بەڵام خۆم حەز ناكەم بیكەم و پێویستیشم پێ نییە .
 
دەتوانین بڵێین ئاوازدانەری باشمان هەیە؟
ئاوازدانەرمان هەیە، بەڵام كەمە، ئێستە خۆم زۆربەی ئاوازەكانم خۆم دامناوە، ئاوازدانەریش لەبەرئەوەی زۆربەی خۆبەخشن بۆیە رێژەیان كەمە. 

لە گۆرانییە فۆلكلۆرییەكان زیاتر گۆرانیی كام گۆرانیبێژ دەڵێیتەوە؟
هەموو گۆرانییە فۆلكلۆرییەكانم لا خۆشە بەتایبەت هونەرمەندە گەورەكان، بۆ نموونە مامۆستا حەسەن زیرەك و ماملێ و عەلی مەردان، ئەو دەنگە جوان و رەسەنانە زۆرن كە بەرهەمەكانیان دەڵێمەوە.

وشە/ ئەحمەد تاریق




وشە - وشه‌