شارەزایەك: لە عێراق تەنگژەی سیولە هەیە و هۆكارەكەشی دیارە

:: PM:05:41:23/05/2024 ‌

لە عێراق حكوومەت و وەزارەتی دارایی داتا و زانیارییەكان لە خەڵك و میدیا و تەنانەت پەرلەمانیش دەشارنەوە، بە گشتی ئەویش دەستی سیاسی و بەرژەوەندخوازی بۆ شاردنەوەی گەندەڵیی حزب و كەسەكان و خراپیی ئیدارەدانی حكوومەت و شكستی پلانە ئابوورییەكانی لە پشتە، شارەزایەكی دارایی و ئابووری باسی بوونی تەنگژەی سیولە دەكات و هۆكارەكانی دیاری دەكات.

نەبیل جەبار تەمیمی، شارەزای دارایی و ئابووری ئاماژە دەكات كە بوونی تەنگژەی سیولە لە عێراق، واتە كەمیی وشكە پارەی دینار، بۆ یەكێك لەو دوو هۆكارە دەگەڕێتەوە، یان كێشە و كەموكورتی لە ئامادەكردنی بودجە، كە خەمڵاندنێكی راستەقینەیە بۆ داهات و خەرجكردنە لەسەر بنەمای ئەو داهاتانەی خەمڵاندنیان بۆ كراوە، یان بوونی هۆكارێكی تر كە بووەتە هۆی پەككەوتنی هاتنی وشكە پارە بۆ گەنجینەی دەوڵەت و كەمبوونەوەی داهات.

روونی كردەوە، كێشە سەرەكییەكە لە داڕشتنی بودجە و بەڕێوەبردنیەتی لە ماوەی ساڵێكدا، چونكە بودجەی ئێستەی حكوومەت خەرجییەكی زۆری تیادایە زۆر لە داهاتەكەی زیاترە، ئەوە هۆكاری سەرەكی و راستەوخۆیە كە حكوومەتی خۆی پێ شەرمەزار كردووە، لە رێگەی دانانی قەبارەیەكی گەورەی خەرجییەكان، لە سایەی لاوازیی هاتن و چوونی پارە لە ناوخۆ، لەوانەش پارەی نەوت، كە پێویست بەوە دەكات لە دۆلارەوە بكرێتە دینار و جیا لە داهاتی نانەوتی و پێویستیی ئەكتیڤكردنی حیسابێكی یەكگرتووی گەنجینە.   

لای خۆیەوە نەوار سەعدی، مامۆستای ئابووری نێودەوڵەتی دەڵێت، چەند هۆكارێك بۆ شكستهێنانی سیاسەتی نەختێنە لە عێراق هەن، لەوانە ئەو كورتهێنانە زۆرەی لە خەرجییەكانی حكوومەتدا هەیە، كە خەرجییەكان لە داهاتی هاتوو زیاترن، بۆیە سیاسەتی نەختێنە لە رێگەی زیادبوونی خەرجییەكانەوە كاری كردووەتە سەر ژێرخان و خزمەتگوزارییەكان بەهۆی نەبوونی سەرچاوەی دارایی پێویست، ئەوە جیا لە پشتبەستن تەنیا بە داهاتی نەوت و هەڵبەز و دابەزی نرخەكەی لە بازاڕ و لاوازیی ژێرخانی دارایی، كاتێك سیستمی بانكی و دارایی لە عێراق بە دەست كۆنی و نەبوونی خزمەتگوزاریی پێشكەوتووی داراییەوە دەناڵێنێت. 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل