نەوت و غازی هەرێمی كوردستان دێتە ناو ململانێی ئەمەریكا و چین

:: PM:07:41:23/05/2024 ‌

جیا لەوەی وەستانی هەناردنی نەوتی هەرێمی كوردستان كە ساڵێكی تێپەڕ كرد، زیانی گەورەی دارایی بە هەموو لایەنەكان گەیاندووە، واتە عێراق و هەرێمی كوردستان و توركیا، زیانێكی گەورەتر بە بە كۆمپانیاكان كەوتووە، بەتایبەتی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، عێراق دەیەوێ بە گرێبەستی نوێ و مەرجی خۆی هەناردن دەست پێ بكاتەوە، لەو ناوەدا ئەمەریكا ترسی لە چین هەیە و دەیەوێ دەستی چین لە نەوتی هەرێمی كوردستان دوور بخاتە.

ئێستە كۆمپانیاكانی چین و رووسیا لە ناوچە جیاجیاكانی عێراق باڵادەستن و رۆژ دوای رۆژ هەڵی زیاتری وەبەرهێنانیان لە بواری نەوت و غاز بۆ دەرەخسێت، ئەوەش لەسەر حیسابی كۆمپانیا ئەمەریكییەكانە، كاتێك حكوومەتی عێراق دەرگەی بۆ كۆمپانیا چینییەكان خستووەتە سەر پشت بۆ ئەوەی كۆنترۆڵی پیشەسازیی نەوت و غازی عێراق بكەن، هاوكات ئەمەریكا جموجۆڵ دەكات بۆ دابڕینی نەوتی هەرێم لە هەژموونەی چین و مسۆگەریی دەستكردنەوەی بە هەناردن، بەو شێوەیە پاراستنی بەرژەوەندیی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، كە هەلی وەبەرهێنان و كاركردنیان لە كێڵگەكانی عێراق لە دەست داوە. 

وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا رای گەیاند كە لە پێوەندیی بەردەوامدایە لەگەڵ بەرپرسان لە بەغدا و هەولێر و ئەنقەرە و كۆمپانیا نەوتییە ئەمەریكییەكانی لە وەستانی نەوتی هەرێم لە رێگەی بەندەری جەیهانی توركیا زەرەمەند بوونە، فیدانت باتیل، جێگری گوتەبێژ بە ناوی وەزارەتی دەرەوەی ئەمەریكا لە واشنتن بە رۆژنامەوانانی گوت، زیادكردنی رێگەكانی گەیشتنی نەوتی عێراق بۆ بازاڕەكانی دنیا لە بەرژەوەندیی عێراق و ئەمەریكایە، ئەو لێدوانەی باتیل هاوكات بوو لەگەڵ سەردانی دوایی جیفری پایت، یاردەدەری وەزیری دەرەوەی ئەمەریكا بۆ كاروباری وزە بۆ بەغدا و هەولێر و هاندانی بۆ زیادكردنی بەرەمهێنانی نەوت لە هەرێمی كوردستان. 

ئەو جموجۆڵەی پایت لە چوارچێوەی پاڵپشتیكردن لە كۆمپانیاكانی ئەمەریكا دێت، لەوكاتەی هەرێمی كوردستان هەوڵی بەدەستهێنانی پاڵپشتیی ئەمەریكا بەرانبەر بە گوشارەكانی بەغدا و خواستی بۆ كۆنترۆڵكردنی نەوتی هەرێمی كوردستان دەدات، هاوكات وەستانی هەناردن و كەمبوونەوەی بەرهەمهێنانی نەوت زیان بە كۆمپانیا ئەمەریكییەكان دەگەیەنێت، كە چانس و هەلی كاركردنیان لە ناوچەكانی تری عێراق بۆ بەرژەوەندیی چین و رووسیا لە دەست داوە.

بەر لە چەند رۆژێك عێراق گرێبەستی پەرەپێدان و وەبەرهێنانی لە كیڵگەیەكی رۆژهەڵاتی بەغدای بە گرووپی كۆمپانیاكانی "چۆنگمان"ی چینی بۆ نەوت و غازی سروشتی دا، جیا لەوە كۆمەڵە كۆمپانیاكانی "یونایتید ئینێرجی"ی چینی گرێبەستی وەبەرهێنانی لە كێڵگەی فاو لە بەسرە بردەوە، كۆمپانیای "جیۆ جید"ی چینیش گرێبەستی پەرەپێدانی كێڵگەی زرباتییەی نەوت و غازی لە پارێزگەی واست بردەوە، دوای ئەوە كیڵگە نەوتی و غازییەكانی ناوچەی فوراتی ناوەڕاست بە گرووپی "چۆنگمان" دا و كۆمپانیای "چینهواش" گرێبەستی وەبەرهێنانی لە كێڵگەیەك لە پارێزگای موسەنا بردەوە، كە ئەویش كۆمپانیایەكی چینییە، جیا لەوانە چەند كێڵگەیەكی تر بە كۆمپانیاكانی چین دراون. 

وەرگرتنی ئەو گرێبەستانە لەلایەن كۆمپانیا چینییەكان، سەركەوتێكی گەورەیە بۆ پەكین لەسەر حیسابی كۆمپانیا ئەمەریكییەكان، ئەواو ئەو پلانەیە كە چین بۆ شوێنگرتنەوە و پڕكردنەوەی ئەو بۆشاییەی كە لە دوای كشانەوەی ئەمەریكا لە رۆژهەڵاتی ناوەڕاست لە دوای 8ی تەمووزی 2018 دروست بوو، لە پلانێكی هاوبەشی نێوان چین و ئێران، كە لە هۆكارەكانی گرنگیدانی چین بە عێراق، بە هاوشێوەی ئێران، هەردوو وڵات خاوەن گەورەترین یەدەگی نەوت و غازن لە دنیا كە هێشتا وەك پێویست پەرەی پێ نەدراوە.

سایمۆن واتكینز، نووسەر لە ماڵپەڕی "ئۆیڵ پرایز"ی ئەمەریكی دەڵێت، عێراق بۆ چین بریتییە لە وێستگەیەكی زەبەلاحی نەوت و غاز كە بۆ بەهێزكردنی گەشەی ئابوورییەكەی پێویستی پێیەتی، مەبەستی سەرەكیی چین دەستكەوتنی نەوتە بە نرخێكی هەرزان، ئەوەش لە رێگەی رێككەوتننەكانی نەوت بەرانبەر بە ئاوەدانكردنەوە و وەبەرهێنان، كە لە 2019 لەگەڵ عێراق واژووی كرد، كۆمپانیا چینییەكان ووەبەرهێنان لە پڕۆژەكانی ژێرخان لە عێراق بكەن، كە لە 2021 رێككەوتننەكە فرەوانتر كرا، بەوەی لە بەرانبەر ئەو وەبەرهێنانانەی چین بۆ ماوەی پێنج ساڵ نەوت و غازی لە كیڵگەكان عێراق هەرزانتر دەست بكەوێت، ئەوەش جیا لە رووە سیاسییەكەی و فرەوانخوازی لە ناوچەكە، عێراق وابەستەی خۆی دەكات، كار بۆ كۆمپانیاكانی دەدۆزێتەوە و نەوتیشی هەرزانتر لە بازاڕ دەست دەكەوێت.

ئەو باڵادەستییە ئابووری و بازرگانی و نەوتییەی ئێران و چین و رووسیا لە عێراق، مەترسییەكانی ئەمەریكا زیاتر دەكەن و وا دەكەن زیاتر دەست بە بوونی جۆراوجۆری لە هەرێمی كوردستان بگرێت و بەهێزتری بكات، بۆیە ئەگەری هەیە لە بواری نەوت پاڵپشتیی تەواو لە باڵادەستیی كۆمپانیاكانی نەوتی ئەمەریكا و مانەوە و كاركردنیان لە هەرێم لە رێگەی هەوڵدان بۆ دەست پێ كردنەوە بە هەناردنی نەوتی هەرێم لە رێگەی توركیا بكات.



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل