سەرۆک کۆماری چیک بریندار بوو

:: AM:10:25:24/05/2024 ‌
پیتەر پاوەڵ سەرۆک کۆماری چیک لە کاتی لێخوڕینی ماتۆڕسکیل بریندار بوو و خێرا بۆ نەخۆشخانە گواسترایەوە.

نووسینگەی سەرۆکایەتیی کۆماری چیک بڵاوی کردەوە برینەکەی سەرۆک کۆمار قووڵ نییە بەڵام بۆ ئەوەی لە تەندروستییەکەی دڵنیا ببنەوە رەوانەی نەخۆشخانەیان کردووە.

پۆلیسی چیک رەتی کردووەتەوە لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە بکات و هۆکارەکەی بزانێت بەڵکوو گوتوویەتی رووداوەکە لە شەقام رووی نەداوە بەڵکوو لە پێشبڕکێیەکی تایبەت بە لێخوڕینی ماتۆڕسکیل لە شوێنێکی داخراو رووی داوە.

نەگوێرەی بی بی سی، پیتەر پاوەڵ تەمەنی 62 ساڵە و بەهۆی ئەوەی کە حەزێکی زۆری لە لێخوڕینی ماتۆڕ هەیە بەشداری لەم پێشبڕکێیەدا کردووە.

دەگوترێ ماتۆڕسکیلەکەی سەرۆک کۆمار خۆی کێشاوە بە ماتۆڕێکی جۆری بی ئێم دەبلیۆ ئار 1200  و بۆیەش ئەو رووداوەی لێ کەوتووەتەوە.

ساڵی رابردوو سەرۆک کۆماری چیک لە شەقامێک خەریکی لێخوڕینی بایسکڵ بوو و بەهۆی ئەوەی کە کڵاوی خۆپاراستنی لەسەر نەنابوو بە فەرمی داوای لێبوردنی لە خەڵک کرد.

پاوەڵ جەنەراڵێکی پێشووی ناتۆیە و لە ئاداری ساڵی 2023 بە سەرۆک کۆماری چیک هەڵبژێردرا. ئەو چەند هەفتەیەک دوای بوونی بە سەرۆک کۆمار بە ماتۆڕ لە وڵاتەکەیەوە چووە ئەڵمانیا.


وشە - سلێمان تاشان