ئوسترالیا حووسییەکانی یەمەنی خستە نێو لیستی تیرۆرەوە

:: PM:01:36:24/05/2024 ‌
حکوومەتی ئوسترالیا ئەمڕۆ هەینی 24ی ئایار بە فەرمی بزووتنەوەی ئەنساروڵای یەمەنی خستە لیستی تیرۆرەوە کە بە رێکخراوێکی سەربازی و سیاسیی شیعە هەژمار دەکرێت و بە حووسییەکانی یەمەن ناو دەهێنرێن.

مارک دریفوس، داواکاری گشتیی ئوسترالیا لە بەیاننامەیەکدا بڵاوی کردەوە ئەو بڕیارەیان لە دوای هۆشداریی دامەزراوە تەناهیییەکانی وڵاتەکەی داوە.

ئەو روونی کردووەتەوە بەپێی ئەو هۆشدارییانەی پێیان دراوە، حووسییەکانی یەمەن بە شێوەیەکی راستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ لە کردەوە تیرۆریستییەکانی ئوسترالیا رۆڵیان هەبووە یان ویستوویانە رۆڵیان هەبێت.

هەر لە بەیاننامەکەدا باس لەوە کراوە هێرشی حووسییەکان بۆ سەر کەنداوی عەدەن لە رابردوودا بووەتە هۆی گیان لەدەستدانی ژمارەیەک هاووڵاتیی سڤیل.

بەگوێرەی یۆرۆنیوز، داواکاری گشتی ئاماژەی بە رووداوەکانی بەبارمتەگرتن لە لایەن حووسییەکان کردووە و ئازادییەکانی بازرگانیی دەریایی بەهۆی ئەم جۆرە مەترسییانە سنووردار بوون.

پێویستە بگوترێ حووسییەکان لە لایەن کۆماری ئیسلامی یارمەتی دەدرێن و لەوەتەی سەرهەڵدانی جەنگی غەزەوە چالاکییە تیرۆریستییەکانیان پەرە پێ داوە و کێشەیان بۆ ڕێڕەوی سەرەکیی بازرگانیی ناوچەکە هێناوەتە کایەوە. ئوسترالیا پێشتر هەر یەک لە حەماس و حزبوڵای خستووەتە نێو لیستی تیرۆرەوە.


وشە - سلێمان تاشان