ماوه‌ى زیاتر له یه‌ك ساڵه به‌غدا به‌رده‌وام مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێمى كوردستانی دوا خستووە و هه‌ر جاره و به بیانوویەک مووچه دوا ده‌خات و سته‌م له فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم ده‌كات، له‌كاتێكدا مانگى رابردوو سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم رای گه‌یاند له‌گه‌ڵ به‌غدا رێككه‌وتوون له‌سه‌ر مووچه و سه‌رۆكى حكوومه‌تی عێراقیش به‌هه‌مان شێوه چه‌ندان جار باسى له رێككه‌وتن و كۆتاییهاتنى كێشه‌كان كردووه.
به‌غدا هیچ كات بیانوویەکی یاسایی نه‌بووه بۆ دواخستنى مووچه‌ى فه‌رمانبه‌رانى هه‌رێم، ئه‌وه‌ى ده‌یكات ته‌نیا سیاسییه و ئامانجه‌كه‌ى لاوازكردنى حكوومه‌تى هه‌رێم و پابه‌ندكردنى حكوومه‌تى هه‌رێمه به بڕیاره‌كانى خۆى و وه‌رگرتنه‌وه‌ى ده‌سه‌ڵاته‌كانه، شاره‌زایانیش باس له‌وه ده‌كه‌ن به‌غدا هیچ كات پابه‌ندى رێككه‌وتن نه‌بووه له‌گه‌ڵ هه‌رێم.
سه‌عید هه‌ركى، ئه‌ندامى خولى پێنجه‌مى په‌رله‌مانى كوردستان به "وشه"ى راگه‌یاند، ماوه‌ی ساڵێكه به‌غدا به بیانووی جۆراوجۆر مووچه‌ی فه‌رمانبه‌رانی هه‌رێمی كوردستانی دوا خستووه، فشاره‌كانی بۆ سه‌ر هه‌رێمی كوردستان زیاتر كردووه و ده‌یه‌وێت له‌و رێیه‌وه له ناوخۆی هه‌رێمی كوردستان، ناڕه‌زایه‌تیی به‌رانبه‌ر به حكوومه‌ت دروست بكات، ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یكات یاریكردنه به چاره‌نووسی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران و به‌سیاسیكردنی مووچه‌ی فه‌رمانبه‌ران له به‌رانبه‌ر فشاركردن بۆ سه‌ر حكوومه‌تی هه‌رێم.
ئەو روونی كرده‌وه، ئه‌وه‌ی به‌غدا ده‌یكات سه‌رپێچیكردن و نایاساییه، یه‌ك ساڵه به بیانوى جۆراوجۆر مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دوا ده‌خات، هه‌موو مانگێگ ده‌بێت جارێك و دووان و سێیان شاندى حكوومه‌ت بچنه به‌غدا و روونكردنه‌وه بده‌ن و دواتر مووچه بنێرن، مانگى رابردوو سه‌رۆكى حكوومه‌تى هه‌رێم گوتى رێككه‌وتن كراوه و كۆتایی به كێشه‌ى مووچه هێنراوە، سه‌رۆكى حكوومه‌تى عێراقیش به‌هه‌مان شێوه چه‌ندان جار باسى له‌وه كردووه كێشه‌ى مووچه چاره‌سه‌ر بووه و رێككه‌وتن كراوه، به‌ڵام گرفته‌كه ئه‌وه‌یه پابه‌ندبوون له لایه‌ن به‌غداوه نییه به‌و رێككه‌وتنانه‌ى كه ده‌كرێت.
زیاتر گوتى، چونكه یاسای بودجە له ژێر ده‌ستی به‌غدایه و پێشتر له په‌رله‌مانه‌وه ئه‌و یاسایه ده‌رچووه، پێویسته جێبه‌جێ بكرێت، حكوومه‌تی هه‌رێمی كوردستان به‌پێی ئه‌وه‌ی بۆی دیاری كراوه و داوای لێ كراوه راده‌ستی به‌غدای كردووه كه لیستی مووچه‌یه، له‌گه‌ڵ پابه‌ندبوونییه‌كانى تر، تا ئێستە مووچه‌ى هێزه سه‌ربازییه‌كانى نه‌ناردووه وا كۆتایی مانگى پێنجه و هێشتا مووچه‌ى مانگى چوارى نه‌ناردووه.
هێمن سه‌عید شاره‌زاى یاسا به "وشه"ى راگه‌یاند، دادگا و ده‌سه‌ڵاتدارانی به‌غدا به ئاشكرا دژایه‌تیی هه‌رێمی كوردستان و خه‌ڵكه‌كه‌ی ده‌كه‌ن، به‌غدا مووچه‌ی خه‌ڵكی كوردستان نادات و نایه‌كسانی له نێوان هاووڵاتییانی عێراق و هه‌رێم ده‌كات، به‌غدا به ئاشكرا دژایه‌تیی هه‌رێم ده‌كات، هیچ بیانوویه‌كی له‌به‌رده‌ستدا نییه و به ویستی خۆی مووچه‌ی دوا خستووه و ته‌نیا ده‌یه‌وێ خۆی بسه‌پێنێت، له‌كاتێكدا یاساى بودجه هه‌یه كه ئیتر ئه‌مه شتێكى ته‌واوه، هه‌روه‌ها رێككه‌وتنه‌كانی تریش، هیچ یاسایی نییه به‌غدا زیاتر له ساڵێكه مووچه‌ى فه‌رمانبه‌ران دوا ده‌خات، هى مانگێك له مانگى دواتر ده‌نێرێت.
ته‌حسین محه‌مه‌د، چاودێرى سیاسى به "وشه"ى راگه‌یاند، عێراق نه‌ك هه‌ر سیاسه‌تی برسیكردن به‌رانبه‌ر به كورد جێبه‌جێ ده‌كات، بگره بابه‌ته‌كه له چوارچێوه‌یه‌كی گه‌وره‌تره، ئامانجی به‌غدا ئه‌وه‌یه هه‌رێمی كوردستان به‌ته‌واوی بخاته ژێر ده‌سه‌ڵاتی خۆی و هیچ ده‌سه‌ڵاتێك بۆ هه‌رێمی كوردستان نه‌هێڵێته‌وه، له كاتێكدا ئه‌وه پێچه‌وانه‌ی یاسا و ده‌ستووره، ئه‌مه سیاسه‌تی به‌غدایه، هیچ كات چاویان به كوردستان هه‌ڵنه‌هاتووه و به‌رده‌وام دژایه‌تییان كردووه، به‌رده‌وام ویستوویانه فشار له هه‌رێمی كوردستان بكه‌ن تا ناچاری بكه‌ن به‌وه‌ی كه خۆیان ده‌یانه‌وێت.
وشه/ تایبه‌ت