هەر شاعیرێك لەسەر جەژنی غەدیر بنووسێت سەدر شاباشی دەكات

:: PM:06:07:24/05/2024 ‌

ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، داوا لە شاعیران و خۆشنووسان دەكات، بەشدار بن لە فێستیڤاڵ و ئاهەنگەكانی بەبۆنەی جەژنی غەدیرەوە ساز دەكرێن.

ئەمڕۆ هەینی، 24ی ئایار، موقتەدا سەدر، ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، بڵاوكراوەیەكی بە شێوەیەكی فراوان گەیاندووەتە هەموو شوێنێك تا بە باشترین شێوە جەژنی غەدیر بكرێتەوە و ئەم خاڵانەی تێدا باس كردووە:
یەكەم: كەمتەرخەم مەبن لە سەردانی گۆڕی ئیمامی عەلی، چونكە ئەوەی لە جەژنی غەدیردا سەردانی بكات، وەكوو ئەوە وایە خۆی لە ژیاندا بێت و بەیعەتی پێ دابێت.
دووەم: با شاعیران لەم ڕۆژەدا شیعر بەسەر جەژنەكەدا هەڵبڕێن و خەڵات دەكرێت، بەو مەرجەی هیچ شیعرێك لە 25 بەیت كەمتر نەبێت.
سێیەم: با خەتخۆشەكان كاری هونەری بكەن و بە شێوەی جوان بیڕازێننەوە.
لە كۆتاییشدا دەڵێت، تا ڕۆژانی جەژنی قوربان شیعر و دیزاینەكان وەردەگیرێن.


پێشتر ڕێبەری ڕەوتی نیشتمانیی شیعە، لە توویتێكدا لە تۆڕی كۆمەڵایەتیی X داوای كرد لە مزگەوتەكانی هەموو عێراقدا ئاڵای غەدیر بەرز بكەنەوە، بۆ ئەوەی ئیشەكە تەواو ببێت، بە پشتیوانیی خوا و هەوڵی ڕۆڵە نیشتمانییەكان لە مەزەوی ئیمامی جەعفەری و هەموو دادپەروەران لە سونە و كورد و ئاین و نەتەوەكانی تر، دەنگ لەسەر جەژنەكە درا كە جەژنی گەورەی خوایە و پشووی نیشتمانیی عێراقە.


"الغدير الاغر" چییە؟
مەزەوی شیعە بڕوایان وایە، لە ڕۆژی 18ی زولحەجەدا پێغەمبەری ئیسلام لە گوتاری هەینیدا ئیمامی عەلی بۆ جێنشینی خۆی دەستنیشان كردووە، بەڵام بە "غەدر" و گەلەكۆمەكیی ئیمامی ئەبووبەكر و ئیمامی عومەر، نەیانهێشتووە ببێتە جێنشین و لەنێو خۆیاندا ئەبووبەكریان هەڵبژاردووە.



وشە - عەبدوڵا عومەر