چاودێرێک: پەكەكە و یەكێتی دەستیان داوەتە سووتاندنی لەنگە و قەیسەریی شارەكان

:: PM:07:45:24/05/2024 ‌

پۆلیستی كەركووك، چەند تۆمەتبارێكی لە كەیسی سووتانی قەیسەریی كەركووك گرتووە كە ددانیان بە تاوانەكانیان ناوە، یەكێكیان چالاكی پەكەكەیە و چوار كەسی تریان دژەتیرۆری یەكێتین. چاودێرێكیش دەڵێ، تۆ بڵێی ئەمانەی هەولێریش، هەمان باند نەبن؟

ڕۆژی 19ـی ئایار، بەرگریی شارستانیی كەركووك رای گەیاند، بەرەبەیانیی ئەمڕۆ ئاگر لە بازاڕی قەیسەریی كەركووك كەوتووەتەوە، تیمەكانیان توانیویانە تا سەعات حەوت كۆنترۆڵی بكەن، پاش ئەوەی دوكانەكانی بازاڕی خان قردار كەركووك بەتەواوی سووتاون كە دوكانی جلوبەرگ بوون. 

ئەمڕۆ هەینی، ڕێبوار كەریم وەلی، چاودێری سیاسی لە هەژمارەكەی خۆی لە فەیسبووك، ڕووداوی قەیسەریی كەركووك بە ڕووداوەكانی هەولێر دەبەستێتەوە و نووسیویەتی، لە چەند ڕۆژی ڕابردوودا، پۆلیسی کەرکووک سەرەداوێکی گرنگی سەبارەت بە ئەنجامدەرانی تاوانی سووتاندنی قەیسەریی کەرکووک دەست کەوت کە ڕەنگە ئەو سەرەداوە پەردە لەسەر نهێنیی سووتانی لەنگە و قەیسەریی هەولێریش هەڵبماڵێت.

وەك ئەو چاودێرە نووسیویەتی، ناسنامەی یەکێک لە دەستگیرکراوەکان کە لەبەردەم دادوەری لێکۆڵینەوەدا دانی بە تاوەنەکەیدا ناوە، ناوی "هونەر محەمەد جوماڵ"ـە و کادیری پەکەکەیە، چوار کەسەکەی دیکە هەر چواریان ئەفسەر و کاربەدەستی دژەتیرۆری یەکێتیین و هەر هەموویان لەبەردەم دادوەر دانیان بە تاوەنەکانیاندا ناوە كە بریتین لە: هونەر فەخرەدین، برای نەقیب دەشتی کە جێگری بەڕێوەبەری گشتیی دژە تیرۆری گەرمیان، محەمەد نەجات، دژە تیرۆر، سیروان ناوێک کە ئەویش لە دژەتیرۆری یەکێتییە و چوارەمیش ناوی نەزاندراوە، بەڵام ئەویش هەر ئەندامی دژەتیرۆرە.

ڕێبوار كەریم وەلی دەڵێت، ئەوانە هەمووی زانیاریی پشتڕاستکراوەن و ڕەنگە پێویست بکات لەو سەرەداوە گرنگەوە شوێنپێی ئەنجامدەرانی هەردوو تاوانەکەی هەولێریش هەڵبگیردرێت و ئەوەمان بۆ ڕوون دەکاتەوە کە بۆچی لە بابەتی سوتانی لەنگەی هەولێر، بەیاننامە بە تورکی بڵاو کرایەوە!



وشە - عەبدوڵا عومەر