کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر دەکرێتەوە

:: PM:08:54:24/05/2024 ‌

بڕیارە لە سەرەتای هەفتەی داهاتوو، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە و بۆ ئەو مەبەستەش شاندێکی قەتەری سەردانی هەولێری پایتەخت دەکەن.

ئەمڕۆ هەینی، 24ی ئایار هەڵگورد ساڵەیی، ڕاوێژکاری فەرمانگەی پێوەندییەکانی دەرەوەی هەرێمی کوردستان بە ماڵپەڕی فەرمیی حكوومەتی ڕاگەیاندووە، ئەمشەو شاندێکی قەتەری بە سەرۆکایەتیی دکتۆر ئەحمەد حەسەن، ئەمینداری گشتیی وەزارەتی دەرەوەی قەتەر دەگەنە فڕۆکەخانەی نێوەدەوڵەتیی هەولێر و لەلایەن سەفین دزەیی، بەرپرسی فەرمانگەی پەیوەندییەکانی دەرەوەی حکومەتی هەرێمی کوردستان پێشوازییان لێ دەکرێت.
ئەوەشی گوت، سەردانەکە بە مەبەستی برەودان بە پێوەندییەکانی میرنشینی قەتەر لەگەڵ هەرێم و چەند دیدارێکە لەگەڵ بەرپرسانی باڵای هەرێم، هاوکات بە مەبەستی کردنەوەی کونسوڵگەریی گشتیی دەوڵەتی قەتەرە بە شێوەیەکی فەرمی.
ڕاوێژکارەکە ڕاشی گەیاند، بڕیارە ڕۆژی یەکشەممە، کونسوڵخانەی قەتەر لە هەولێر بکرێتەوە، ئەمەش لە پەرەپێدانی پەیوەندییەکانی نێوان هەرێمی کوردستان و قەتەر لە سەرجەم بوارەکاندا گرنگیی خۆی دەبێت.
تاکوو ئێستا لە هەرێمی کوردستان ٤١ کونسوڵگەری، نووسینگەی کونسوڵگەری، نووسینگەی باڵیۆزخانە، ئاژانس و کونسوڵگەریی فەخری هەن و چالاکییە دیپلۆماسییەکانی خۆیان بەڕێوە دەبەن.


وشە - عەبدوڵا عومەر