سزای نوێ بەسەر ئێراندا سەپێنرا

:: PM:10:53:24/05/2024 ‌

یەكێتیی ئەورووپا ڕای دەگەیەنێت، حكوومەتەكانی ئەو یەكێتییە لەسەر سزای دیكە بۆ سەر ئێران ڕازی بوون كە نۆ لایەن و كەسایەتی دەگرێتەوە.

ئەمڕۆ هەینی، دیبلۆماسییەكانی یەكێتیی ئەورووپا ئاشكرایان كرد، وڵاتانی ئەورووپا لەسەر سزادانی محەمەد ڕەزا ئاشتیانی، وەزیری بەرگریی ئێران و هەشت لایەن و كەسایەتیی تر ڕازی بوون، چونكە فڕۆكەی بێفڕۆكەوانیان بۆ مۆسكۆ ناردووە، تا بەشدار بێت لە شەڕی ئۆكرانیادا.

بڕیارە ڕۆژی دووشەمی داهاتوو، لەژێر ناوی "كۆریبر" ئەندامانی یەكێتیی ئەورووپا لە برۆكسل، لە كۆبوونەوەیەكدا ئەم سزا نوێیە ڕابگەیەنن.

بەپێی زانیاریی ئەو دیبلۆماسیانە كە بۆ میدیاكان لێدوانیان داوە، هێشتا لەسەر جۆری سزاكان گفتوگۆ ماوە، بەڵام تا ڕۆژی دووشەم هەموو شت یەكلا دەبێتەوە و لایەن جۆزیب پۆریل، بەرپرسی كاروباری دەرەوەی یەكێتیی ئەورووپا، بڕیارەكە دەخوێنرێتەوە.

بەشێك لەو سزایانە بریتییە لە قەدەغەی گەشت و بلۆككردنی هەژماری بانكی ئەو نۆ كەسە.



وشە - عەبدوڵا عومەر