شەش رۆژە گەڕان بە دوای مەلاكەی دارەتوو بەردەوامە

:: AM:08:53:29/05/2024 ‌
دوای ئەوەی هەینی رابردوو مەلایەك لە ئاودا خنكا، ماوەی شەش رۆژە تیمەكانی بەرگریی شارستانی و مەلاوانەكانی ئەو سنوورە بەدوای تەرمەكەی دەگەڕێن.

لە سنووری بەردەڕەش مامۆستایەكی ئاینی، تا ئێستە بێسەروشوێنە و كەسوكاری و هاووڵاتییانی بەدوایدا دەگەڕێن، دەگوترێ جلوبەرگەكەی لە نزیك ئاوێك دۆزراوەتەوە، لەو كاتەوە گەڕان بەدوای بەردەوامە.

ئەمڕۆ چوارشەم 28ـی ئایار، بەپێی بەدواداچوونی "وشە"، مامۆستایەكی ئاینی بەناوی (مەلا ئەحمەد خاروكی) وتارخوێنی مزگەوتی خارۆكی سەربە شارەدێی دارەتووی شارۆچكەی بەردەڕەش، دوای ئەوەی لە ماڵ چووەتە دەرەوە، تا ئێستە بێسەروشوێنە و هاووڵاتییان و كەسوكاری بەدوایدا دەگەڕێن.

سەفین حاجی كە گرووپێكی مەلاوانی خۆشبەخشی هەیە بە "وشە"ـی راگەیاند، لە هەینی رابردوو تا ئێستە تیمەكانی بەرگریی شارستانی و مەلەزانەكانی ئەو سنوورە بەدوای تەرمەكەی دەگەڕێن.

زیاتر گوتی، نزیكەی پێنج كیلۆمەتر گەڕان لە ئاودا كراوە و سەرجەم شوانكار و گوندنشینان ئاگادار كراونەتەوە لە بوونی تەرمێك لەو سنوورە یان گومانێك لە بوونی تەرم، بەرگریی شارستانی ئاگادار بكەنەوە.

پێشتر ئەو هاووڵاتییانەی لە سنوورەكەدان بە هێزە تەناهییەكانیان راگەیاندووە، نازانرێت لە كاتی مەلەكردن خنكاوە یان نا، بەپێی ئەوەی ئەو پێداویستییانەی بەم شێوەیە بەجێهێڵراون، بۆیە لێكۆڵینەوەكان و گەڕان بەشوێنی مامۆستا ئاینییەكە دەستی پێ كردووە.


وشە - رامیار جەواد