پلاندانان بۆ بەكارهێنانی زەوی و پۆلینی ژینگەیی میلەتان چییە؟

:: AM:10:24:29/05/2024 ‌
پێشەوا بارزان ماستەر لە ئەندازیاریی سەرچاوەكانی ئاو، لە چاوپێكەوتنێكی لەگەڵ "وشە"دا باس لە هەڵدڕینی چیاكان دەكات كە چی بەسەر شوێنەكە دەهێنێت، ئەو میلەتانەی دەست بۆ ئەوە دەبەن، دەكەونە كامە پۆلینی میلەتان؟.

لە وڵاتان چۆن زەوی و بەرزاییەكان و سەرچاوە ئاوییەكان بەكار دێت؟

پلاندانان بۆ بەكارهێنانی زەوی بەشێكی دانەبڕاوە لە بنیاتنان و بەڕێوەبردنی شار و شارۆچكەكان، ئەوەیش بریتییە لە سەیركردن و تاوتوێكردنی چۆنیەتیی بەكارهێنانی زەوی لە شوێنی سەوزەوە  تا ناوچەی نیشتەجێبوون و شوێنە گەشتوگوزاری و پیشەسازییەكان، بە یاسا و ڕێنوێنیی هەندێ ناوچەی تایبەت بەكارهێنانی زەوییەكەی سنووردار دەكرێت كە لە ئەنجامدا دەبێتە هۆی پاراستنی سەرچاوە سروشتییەكان و ژینگەكەی.

پێوەری دەستنیشانكردن هەیە بۆ ئەو بەكارهێنانە؟
بەهۆی گرنگیی ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكان و ئەو ڕۆڵە گەورەیەی كە هەیانە لە ژیانی میلەتان و دەوڵەتاندا، لەگەڵ دەرامەتە مرۆییەكان و شێوازی مامەڵەكردنی میلەتان لەگەڵ ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكاندا، كراونەتە پێوەر بۆ پۆلینكردنی میلەتان و دەستنیشانكردنی ئاستی دەوڵەمەندی و هەژاری ان كە بەپۆلینی "ژینگەیی میلەتان" ناسراوە، بەپێی ئەم پۆلینە نەتەوەكان بەسەر چوار گرووپ دابەش كراون.

یەكەم/ میلەتانی دەوڵەمەند- دەوڵەمەند، بریتییە لەو میلەتانەی كە دەوڵەمەندن بەتواناكانی ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكان، لە ھەمان كاتدا دەوڵەمەندن بە دەرامەتە مرۆییەكانیان كە توانیویانە سوود لە ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكانیان وەربگرن و گەشەیان پێ بدەن، ئەم میلەتانە دەوڵەمەندی دوولایەنەن، ویلایەتە یەكگرتووەكانی ئەمەریكا باشترین جۆری ئەم جۆرە میلەتەن.

دووەم/ میلەتانی دەوڵەمەند - هەژار، بریتییە لەو م لەتانەی كە دەوڵەمەندن بەتواناكانی ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكانی، بەڵام  هەژارن بە دەرامەتە مرۆییەكانیان كە نەیانتوانیوە وەك پێویست سوود لە ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكەنیان وەربگرن و گەشەیان پێ بدەن، نموونەی ئەم جۆرە میلەتانە زۆرن لەناو میلەتانی ئەفریقا و ئاسیا و ئەمەریكای لاتینی.

سێیەم/ میلەتانی هەژار- دەوڵەمەند، بریتییە لەو میلەتانەی كە هەژارن بەتواناكانی ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكانی، بەڵام  دەوڵەمەندن بە دەرامەتە مرۆییەكانیان كە توانیویانە سوود لەو توانا كەمەی ژینگە سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكانیان وەربگرن و گەشەیان پێ بدەن،  ژاپۆن نموونەیەكی باشی ئەم جۆرە میلەتانەیە.

چوارەم/ میلەتانی هەژار-هەژار، بریتییە لەو میلەتانەی كە هەژارن بەتواناكانی ژینگە و سەرچاوە و دەرامەتە سروشتییەكانی، لە هەمان كاتدا هەژارن بە دەرامەتە مرۆییەكانیان كە  لە توانایاندا نییە پرۆسەی گەشەپێدان ئەنجام بدەن، ئەم میلەتانە هەژاری دوولایەنەن، نموونەی ئەم جۆرە میلەتانە لەناو میلەتانی كیشوەری ئەفریقا و ئاسیا و ئەمەریكای لاتینی هەیە.

بۆیە ئایا بڕینەوەی چیا و گردۆڵكەكان بۆ مەبەستی نیشتەجێكردن و پیشەسازی، بەبێ ڕەچاوكردنی پلاندانان بۆ بەكارهێنانی زەوی  بە كامە گرووپی "ژینگەیی ملتان" هەژمار دەكرێت؟ با خوێنەر خۆی هەڵیبژێرێت.


وشە - رامیار جەواد