پۆلیسی بەغدا 25 ئافرەت بەتۆمەتی سواڵكردن و لەشفرۆشی دەگرێت

:: AM:10:29:29/05/2024 ‌
سەرچاوەیەك لە پۆلیسی بەغدا ئەمڕۆ رای گەیاند، لە هەڵمەتێكی پۆلیس لە چەند گەڕەكێكی بەغدا بۆ گرتنی كەسانی سەرپێچیكار و دەرچوو لە یاسا، توانراوە دەیان كەس بگیرێن و لەناویاندا 25 ئافرەت گیراوە، كە تۆمەتی سواڵكردن و لەشفرۆشییان لەسەر هەبووە.

پێگەی "شەفەق نیوز" ئەمڕۆ چوارشەم 29ی ئایار بڵاوی كردووەتەوە، بەپێی گوتەی سەرچاوەكەی پۆلیسی بەغدا، لە هەڵمەتێكدا بۆ گرتنی كەسانی سەرپێچیكار و درەچوو لە یاسا لە شارەكە، 177 كەسیان گرتووە كە ژمارەیەك منداڵیشیان تێدایە، هاوكات 25 ئافرەت بۆ تۆمەتی سواڵكردن و لەشفرۆشی گیراون كە زۆربەیان خەڵكی سووریان.

سەرچاوەكە زیاتر گوتی، هەڵمەت و پشكنینەكە گازینۆ و قاوەخانە و هۆتێلی گومانلێكراوی گرتووەتەوە، 74 كەس گیراو بەتۆمەتی سەرپێچیكار لە مەرجەكانی نشینگە لە رەگەزنامەی بیانیی هەمەجۆر گیراون، 42 كەسی تریش عێراقین و سەرپێچیی هەمەجۆریان كردووە. هاوكات 25 ئافرەت بەتۆمەتی سواڵكردن و لەشفرۆشی گیراون كە 22یان سووری و سێ ئافرەتەكەی تریش عێراقین. هاوكات دوو كەسی پاكستانیش بەتۆمەتی كێشەی نشینگە گیراون.

ئەو هەڵمەتەی پۆلیسی بەغدا، لە شەوی رابردووەوە دەستی پێ كردووە و تا بەیانیی زووی ئەمڕۆیش بەردەوام بووە.

ئاماژە بەوە دراوە كە وەزارەتی ناوخۆی عێراق، بەمدواییە بڕیاری جێبەجێكردنی هەڵمەتی تەناهیی داوە كە چەند گەڕەكێكی بەغدا دەگرێتەوە، بەمەبەستی گرتنی باندەكانی مادەی هۆشبەر و لەشفرۆشی و هاوكات باندەكانی بازرگانی بە مرۆڤ.





وشە - وشیار ئه‌حمه‌د ئه‌سوه‌د