ئوم لوول لەسەر چی گیراوە و سزاكەی چییە؟

:: PM:05:17:29/05/2024 ‌


وەك لە سۆشیال میدیا و بەشێك لە میدیاكانی عێراق هاتە بڵاوكردنەوە كە مۆدیڵێستی ناسراوی عێراق "ئوم لوول" لەلایەن هێزە تەناهییەكانی عێراق گیراوە و سزای گرتنی تاهەتایەی بۆ بڕاوەتەوە، بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق راستیی هەواڵەكە و وردەكاریی بابەتەكە رادەگەیەنێت.

حوسێن یووسف تەمیمی، گوتەبێژ بە ناوی بەڕێوەبەڕایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر لە وەزارەتی ناوخۆی عێراق رای گەیاند كە تۆڕێكی بازرگانیكردنیان بە مادەی هۆشبەر ئاشكرا كردووە و "ئوم لوول" یەكێك بووە لە رووكەش و بازرگانەكانی.

روونی كردەوە، بەڕێوەبەرایەتییەكە كردەیەكی جۆریی تەناهی ئەنجام داوە و تۆڕێكی بازرگانیكردنی بە مادەی هۆشبەری ئاشكرا كردووە، لە رێگەی چاودێری و لێكۆڵینەوەی ورد و قووڵ و هەوڵی هەواڵگری، دەركەوت كە (ه. خ. ع) ناسراو بە "ئوم لوول"، مادەی هۆشبەری گواستووەتەوە بە مەبەستی بازرگانی پێكردنی، بۆیە تیمێك بۆ ئەو مەبەستە پێك هێنراوە و ئەو بە بڕیارێكی دادگا گیراوە و رەوانەی دادگای تایبەتمەند كراوە.

گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی گشتیی كاروباری مادەی هۆشبەر زیاتر گوتی، دادگا سزای گرتنی تاهەتایەی بە تۆمەتی بازرگانیكردن بە مادەی هۆشبەر بەپێی بڕگەكانی مادەی 28 لە یاسای مادەی هۆشبەر ژمارە 50 بۆ ساڵی 2017 بۆ بڕیوەتەوە.

ئەمڕۆ چوارشەم سەرچاوەیەكی دادوەری ئاماژەی كرد كە دادگای تاوانەكانی رەسافەی بەغدا سزای گرتنی تاهەتایەی بۆ كەسێكی ناوبانگی سۆشیال میدیای عێراقی بە ناوی (هەدیل خالید عەبدولرەشید) ناسراو بە "ئوم لوول" بە تۆمەتی بازرگانیی نێودەوڵەتی بە مادەی هۆشبەر بڕیوەتەوە، لەوكاتەی دادگا لە مانگی نیسانی رابردوو سزای گرتنی سووكی بۆ چوار مانگ بۆ هەمان كەس بڕیبووەوە بە تاوانی دروستكردن و بڵاوكردنەوەی وێنە و ڤیدیۆی ئابڕوبەر و بەدەر لە ئادابی گشتی.  

 



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل