سێ‌ زانیاریی گرنگ لەبارەی مووچە

:: PM:06:11:29/05/2024 ‌
هێشتا بەغدا پارەی مووچەی مانگی نیسانی بۆ هێزە تەناهییەكانی كوردستان رەوانە نەكردووە، بە گوتەی سەرچاوەیەك، كێشەكە چارەسەر كراوە و ئەمڕۆ تا سبەی پارەكە دەكات. 

بەقسەی سەرچاوەكەی "وشە" لە كۆبوونەوەی ئەمڕۆی ئەنجوومەنی وەزیرانی كوردستاندا دووپات لەوە كراوەتەوە كە كێشەی مووچەی هێزە تەناهییەكان چارەسەر بكرێت و بۆ ئەمەیش بەغدا بەڵێنی ئەوەی داوە كە ئەمڕۆ یان سبەی پارەكە رەوانە دەكەن. 

هەمان سەرچاوە باسی لەوە كردووە، هیچ كێشەیەك لە مووچەی مانگی ئایاری فەرمانبەرانی كوردستان نییە و بەغدا پابەندە بە ناردنی لە وادەی دیاری كراوی خۆیدا. 

بەگوێرەی زانیارییەكانی "وشە" تا 24 سەعاتی رابردوو وەزارەتی دارایی و ئابووری هەرێمی كوردستان سەرقاڵی ئامادەكردنی لیستی مووچەی فەرمانبەران بووە بۆ مانگی ئایار تا رەوانەی بەغدای بكات.


وشە - وشه‌