كۆبوونەوەی سوودانی لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك بێ ئاكام بوو

:: PM:06:56:29/05/2024 ‌

زیاتر لە پێنج مانگە هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق ساز كراوە، بەڵام تا ئێستە حكوومەتی ناوخۆیی كەركووك پێك نەهێنراوە، بەهۆی لێكنزیكیی ئەنجامەكان و ململانێ و سازشنەكردن بۆ یەكتر، نەتوانراوە پۆستی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا یەكلا بكرێتەوە، دوای چەند كۆبوونەوەیەك لەگەڵ پێكهاتەكانی كەركووك بۆ چارەسەركردنی كێشەكە تا ئێستە سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیتوانیوە گرێ كوێرەی ئەو پارێزگایە بكاتەوە.

سەرچاوەیەكی ئاگەدار ئاماژەی بۆ ئەوە كرد كە ئەمڕۆ چوارشەم كۆبوونەوەیەك لە نێوان محەمەد شیاع سوودانی، سەرۆك وەزیرانی عێراق و نوێنەری هێزە سیاسی و پێكهاتەكانی كەركووك كە لە هەڵبژاردن براوە بوون، ساز كراوە، بەڵام كۆبوونەوەكە بێ گەیشتن بە چارەسەری بۆ كێشەكانی ئەو پارێزگایە كۆتایی هاتووە.  

روونی كردەوە، سەرۆك وەزیرانی عێراق نەیتوانیوە بگاتە چارەسەری بۆ ئەوەی بەر لە جەژنی قوربان، كە دەكەوێتە ناوەڕاستی مانكی حوزەیرانی داهاتوو، دانیشتنێكی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك ساز بكرێت، سوودانی تەنیا گوێی بۆ بۆچوونی هێزە سیاسییەكان گرتووە و هیچ رێككەوتنێك نەكراوە.

دوای بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی ئەنجوومەنی پارێزگاكانی عێراق لە 18ی كانوونی یەكەمی رابردوو، هیچكام لە هێزە سیاسییەكانی پێكهاتەكانی كەركووك نەیانتوانی زۆرینە بە دەست بێنن، ژمارەی كورسییەكانی ئەنجوومەنی پارێزگای كەركووك 16 كورسییە، عەربی سوننە شەش كورسی و بەرەی توركمانی دو كورسییان هەیە و هاوپەیمانن، واتە هەشت كورسی، كورد بە یەكێتی و پارتی حەوت كورسی هەیە لەگەڵ كورسییەكی كریستیانەكان دەگاتە هەشت كورسی، بۆیە هیچیان ناتوانن بە تەنیا ببنە زۆرینە و حكوومەتی ناوخۆیی پێك بێنن و سازش بۆ یەكتر ناكەن، ئەوەش وای كردووە هەموو هەوڵێك بۆ دانانی پارێزگار و سەرۆكی ئەنجوومەنی پارێزگا و دانانی پۆستەكانیتر بوەستێت.


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل