بەرەو ئابوورییەكی بەهێزتر.. سێ ساڵە بەرهەمی ناوخۆی ئاكرێ رەوانەی ئەوروپا دەكرێت

:: PM:08:40:29/05/2024 ‌
 
بەڕێوەبەری كارگەی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆ بۆ دەرەوە لە شارۆكەی ئاكرێ ئاماژە دەكات كە ماوەی سێ ساڵە بەرهەمی ناوخۆی ئاكرێ رەوانەی دەرەوە دەكەن، دووپاتی دەكاتەوە كە تا ئێستە سێ جۆر بەرهەم رەوانەی بازاڕەكانی ئەوروپا دەكەن .

ئاراز حامد، بەڕێوەبەری كارگەی هەناردەكردنی بەرهەمی ناوخۆی ئاكرێ  بۆ دەرەوە بۆ "وشە" ئاماژە دەكات، سێ ساڵە كارگەیەكمان لە ئاكرێ داناوە و بەرهەمی ناوخۆی ئەو شارە، كە سێ جۆرە برنج و سماق و تەحین، رەوانەی بازاڕەكانی ئەوروپا دەكەین، تا ئێستەش بەردەوامین و بەپێی خواستی بازاڕی ئەوروپا بەرهەم هەناردە دەكەین.

روونی كردەوە، ئەگەر هاوكاری زیاترمان بكرێت، دەتوانین كارگەكە گەورەتر بكەین و بەرهەمی زیاتر و بڕی زیاتر هەناردەی دەرەوە بكەین، ماوەی سێ ساڵە بە بەردەوامی بەرهەمی ناوخۆی ئاكرێ هەناردەی ئەوروپا دەكرێت، مانگ هەیە سێجار بەرهەم بە ناوی كوردستان هەناردەی دەرەوە دەكرێت.

لای خۆیەوە فازڵ مستەفا رەشید، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ بە "وشە"ی راگەیاند، ئێمە بە بەردەوام پاڵپشتی لە هەر كارگە و سەرمایەدارێك دەكەین كە بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە بكات، هەموو ئاسانكاری و هاوكارییەكیان دەكەین، خەڵكی تریش هان دەدەین بۆ ئەوەی بەرهەمی ئاكرێ هەناردەی وڵاتان بكرێت.

ئاماژەی كرد، سیاسەتی حكوومەتی هەرێمی كوردستان وایە كە ئاسانكاری تەواو بۆ هەر كارگە و سەرمایەدارێك بكرێت كە بەرهەمی ناوخۆ هەناردەی دەرەوە بكات، بەڵام پێویستە سەرەتا بابەتەكە بە جوانی تاوتوێ بكرێت و خواستی ناوخۆ لە بەرهەمەكە پڕ بكرێتەوە، ئەوكات هەناردە بكرێت، چونكە دەبێت سەرەتا پێداویستیی ناوخۆ دابین بكرێت، دواتر بەرهەمی زیادە هەناردەی دەرەوە بكرێت.

"حكوومەتی هەرێمی كوردستان ئامانجی ئەوەیە بازاڕ بۆ هەموو بەرهەمە ناوخۆییەكان لە دەرەوە بدۆزێتەوە، كە تا ئێستە تا رادەیەكی باش بازاڕی لە دەرەوە بۆ بەرهەمی ناوخۆ پەیدا كردووە، ئەمەش بووەتە هۆی ئەوەی جووتیاری نموونەیی و زۆرمان لە ئاكرێ هەبێت"، فازڵ مستەفا رەشید، بەڕێوەبەری كشتوكاڵی ئاكرێ وا دەڵێت.

دهۆك/ بڵند ئیبراهیم


وشە - مه‌حموود ئیسماعیل