ئەنجی فەرەح بە ماسییە سوورییەكە ناسراوە، كچە هونەرمەندی سووری لە بەغدا بە تۆمەتی لەبەركردنی جلوبەرگی نیمچەڕووت، لەلایەن هێزەكانی پۆلیس گیرا
ئەمڕۆ یەكشەم دووی حوزەیران، لەلایەن دەزگاكانی راگەیاندنی عێراق، هەواڵی گرتنی ئەنجی فەرەحی كچە هونەرمەندی ناو دیسكۆكانی بەغدای راگەیەنرا، ئەوەیش بە تۆمەتی لەبەركردنی جلوبەرگی نیمچەڕووت.
ئاماژە بەوەیش كراوە، گرتنی ئەو كچە هونەرمەندە بەپێی مادەی 403 لە یاسای سزادانی عێراقییە كە ئەو مادەیە ئەو كەسە تۆمەتبار دەكات بە لادان لە داونەریتی گشتی.
لە مانگی شوباتی ساڵی 2023وە وەزارەتی ناوخۆ و ئەنجوومەنی باڵای دادوەری، هەڵمەتێكیان دەست پێ كرد بۆ لێپێچینەوە لەو كەسانەی كە تۆمەتبارن بە لەبەركردنی جلوبەرگی نیمچەڕووت و دەركەوتنیان بەشێوەیەكی نەگونجاو لە سۆشیال میدیا.
هەفتەی رابردووش "ئوم لولە" گیرا و بڕیاری بەندكردنی تا كۆتایی تەمەنی بۆ دەرچوو، ئەوەیش بە تۆمەتی بازرگانی بە مادەی هۆشبەر، مانگی رابردووش لە عێراق كچە بلۆگەرێكی تر لە گرتووخانە گیانی لە دەست دا كە باس لەوە دەكرا ڤیدیۆی رووتی بەرپرسانی لایە.
چالاكان و رۆژنامەنووسانی عێراق، ئەوە بە هەنگاوێكی مەترسیدار دەزانن لەلایەن عێراق كە دواتر ئەو وڵاتە بەرەو داخرانی تەواوەتی دەچێت و هیچ هەناسەیەكی ئازادیی تێدا نامێنێت.