لە سەرەتای هەفتەی رابردووەوە هێرش دەكرێتە سەر چێشتخانە و كۆمپانیاكانی كە براندی ئەمەریكین لە بەغدای پایەتەخت، شارەزایان ئاماژە دەكەن كە ئەو هێرشانە چەند ئامانج و پەیامێكیان لەخۆ گرتووە، بەتایبەتی بۆ حكوومەتی سوودانی، سەرچاوەیەك ئاشكرای دەكات كە میلیشیا شیعەكان بوارێكیان بە سوودانی داوە بۆ ئەوەی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق دەربكات.
دوای ئەوەی لە مانگی شوباتی رابردوو هێرشی میلیشیاكان بۆ سەر بنكە سەربازییەكانی ئەمەریكا لە عێراق و سووریا وەستا، بەتایبەتی دوای كوژرانی سێ سەربازی ئەمەریكا لە ئوردن، كە زنجیرەیەك هێرشی ئەمەریكای لێ كەوتەوە و میلیشیاكان بە ناچاری و بە فەرمانی ئێران هێرشەكانیان وەستاند، پێ دەچێت لە كۆبوونەوەكەی تاران كە لە پاروێزی پرسەی سەرۆكی ئێران ساز كرا، رێنوێنی بۆ گوشاركردن لە سوودانی بۆ گەرمكردنەوەی بابەتەكە دەرچووبێت، ئێستە بابەتەكە بە كردنەئامانجی چەند چێشتخانە و كۆمپانیایەك لە بەغدا دەستی پێ كردووەتەوە.
سەرچاوەیەكی سیاسی ئاماژە دەكات كە ژمارەیەك لە میلیشیا شیعەكان بواری 40 رۆژیان بە محەمەد شیاع سوودانی و حكوومەتەكەی داوە، واتە تا ناوەڕاستی مانگی تەمووزی داهاتوو، بۆ یەكلاكردنەوەی بابەتی دەركردنی هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق، ئەگینا دەست بە هێرشەكانیان بۆ سەر بەرژەوەندیی و هێزەكانی ئەمەریكا لە عێراق و ناوچەكە دەكەنەوە.
لای خۆیەوە و وەك گەیاندنی پەیامی هێرشەكان و دیاریكردنی رێگەچارە لەبەردەم سوودانی، عەلی زوبێدی، ئەندامی چوارچێوەی هاوئاهەنگیی شیعە رای گەیاند كە حكوومەتی ئێستەی عێراق بەر لە تەواوبوونی ماوەی كاركردنی، هەوڵی كۆتاهێنان بە بوونی سەربازیی بیانی لە عێراق دەدات.
زیاتر گوتی، حكوومەتی عێراق رژدە لە بابەتی كۆتاهێنان بە بوونی سەربازیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق و لە رێگەی لیژنەكانەوەی كاری راستەقینە كراوە و پێشكەوتن لە گفتوگۆكانی نێوان بەغدا و واشنتن هەیە، بۆیە سوودانی هەوڵ دەدات بەر لە كۆتاهاتنی ماوەی كاركردنی حكوومەتەكەی كۆتایی بەو دۆسیە بێنێت بۆ حكوومەتی دوای خۆی جێی نەهیڵێت.