كتێبی یادەوەرییەكان لە رووسیا نمایش كرا

:: PM:02:22:10/06/2024 ‌

"كتێبی یادەوەرییەكان” بەشداری كورد لە جەنگی دووەمی جیهانی لە سەركەوتنە هاوبەشەكە بەسەر نازییەكاندا" لە فێستیڤاڵی كتێب لە گۆڕەپانی سوور نمایش كرا. 

ئێوارەی دوێنێ‌ لە ناوجەرگەی پایتەختی ڕووسیا، فێستیڤاڵی كتێبی "گۆڕەپانی سوور" بەڕێوەچوو. لە میانی چالاكییەكەدا كە دەیان ناوەندی كتێب و دەزگای چاپەمەنی، بە هەزاران كتێبی كۆن و نوێ بەشدارییان تێدا كردبوو. 

سەردانیكەرانی فێستیڤاڵ جگە لە كڕین و ئاشنابوون بە كتێبی نوێ، گوێبیستی چەندان وتار و كۆڕ و سیمینار و پرێزنتەیشنی كتێبی ناوازە دەبوون.

لەم چوارچێوەیەدا لە لاكتۆرییای "دیرۆكی نیشتمانی” ئارینا ئەسیلگوژین یاریدەدەری نوێنەری كاربەڕێكەری نوێنەرایەتیی هەرێمی كوردستان لە ڕووسیا، پەرتووكی "كتێبی یادەوەرییەكان" بەشداری كورد لە سەركەوتنی هاوبەشەكە بەسەر نازییەكاندا لە 1941-1945 پێشكەش كرد. 

میوانان و ئامادەبووان تێگەیشتن كە قارەمانانی گەلی كورد، چۆن بە گیانی دڵسۆزی بەرگرییان لە وڵات دژ بە دوژمن كردووە، چ داستان و قارەمانییەتێكیان بە ئەنجام گەیاندووە و چارەنووسیان لە داهاتوودا بە كوێ گەیشتووە. دوابەدوای پرێزنتەیشنەكە، بەشداران پرسیاریان لەبارەی ڕۆڵی كورد لە شەڕی گەورەی نیشتمانی و مێژووی هاوچەرخی كورد و كوردستان و ڕەوەند و دیاسپۆرای كوردی لە ڕووسیا و وڵاتانی سۆڤیەتی پێشوو  ورووژاند. 

جێی ئاماژەپێدانە ڕۆژانی شەش و حەوتی حوزەیران، لە بەشی ناوەندی كتێبخانەی مێژوویی سەربازیی ڕووسیا كە بەشدارێكی دیاری فێستیڤاڵەكە بوو، سەردانیكەرانی فێستیڤاڵەكە دەیانتوانی زیاتر خۆیان بە "كتێبی یادەوەرییەكان” لەسەر ڕەفەی كراوەی هۆڵی وانەگوتنەوەی ناوەندەكە ئاشنا بكەن. "كتێبی یادەوەرییەكان" سەرنجی زۆر كەس و بەشداربووی دیاری فێستیڤاڵەكەی ڕاكێشا كە گەلی كورد وەك بەشێكی دانەبڕاو لە كۆمەڵگەی ڕووسیا وێنا دەكرد.


 



وشە - رامیار جەواد