مووسڵاوییەكان یەكەم شەوی هاتنی داعشیان چۆن بەڕێ كرد؟

:: PM:07:08:10/06/2024 ‌

هاتنی داعش بۆ عێراق وەك رەشەبایەكی وێرانكار بوو، برینن و كەلێنێكی گەورەی خستە ناو دڵ دەروون و ژیانی عێراقییەكان كە تا ئێستەش كاریگەرییەكانی هەر ماون، چونكە ئەگەرچی پاشماوە و هزری داعش ماوە، بەڵام چەند گرووپێك كە بۆ رووبەڕووبوونەوەی دروست بوون، ئێستە ئەوان بەشێوەیەكی تر كاری داعش تەواو دەكەن، وەك چاودێران باسی دەكەن تا ئێستەش چیڕۆكی داعش روون نییە، چۆن چەند سەت كەسێك لە سووریاوە هاتن، بەڵام توانیان لە ماوەیەكی كورت چەندان شار و شارۆكە داگیر بكەن، كۆمەڵكوژی و وێرانكاری دروست بكەن.

قەیس بیكدلی، رۆژنامەوانێكی خەڵكی دەشتی نەینەوایە باسی یەكەم شەو، واتە شەوی كەوتنی مووسڵ دەكا و دەڵێت، شەوێكی تۆقێنەر بوو، ویستم لەو شەوە پارێزگاری لە ئارامیی خۆم بكەم و چاودێریی دۆخەكە بكەم، كاتێك داعش توانی مووسڵ داگیر بكات، تەنیا ئەوەم بۆ مایەوە لەگەڵ خێزانەكەم هەڵبێم و ئەرشیفی تەلەڤزیۆنی خۆم ببەم و بە ناو ئەو پشێوییەی هەبوو خۆم دەرباز بكەم.

ئەو رۆژنامەوانە پەنای بۆ كەمپەكانی ئاوارەیی برد، بەڵام وازی لە ئەرشیفەكەی نەهێنا، كە باسی شاری مووسڵی بەر كەوتن بە دەستی داعش دەكرد، ئێستەش كە گەڕاوەتەوە مووسڵ ئەرشیفەكانی هەر لا ماوە، ئەو ئەرشیفەی باسی مووسڵ پێش داعش و و دوای هاتنی داعش دەكات.

لە شەوی نۆ لەسەر 10ی 2014، واتە شەوی كەوتنی مووسڵ بە دەستی داعش، ئەو شەوە ژمارەیەك چەكداری رێكخراوەكە بە پیكابە بەرزەكانیان و بە خێراییەكی چاوەڕواننەكراو هاتنە ناو شارەكە و هێڵەكانی بەرگریی سوپا و پۆلیس و هێزە ناوخۆییەكانیان بڕی، ئەوكاتە شەقامەكان پڕ بوون لە پشێوی و شپرزەیی و هەزاران لە دانیشتووانی شارەكە هەڵاتن و بۆ خۆرزگاركردن بە دوای شوێنێكی ئارامدا دەگەڕان، هەر ئەو شەوە شارەكە بووە گۆڕەپانێكی گەورەی جەنگ و چەكدارانی داعش لە ماوەیەكی كەم دەستیان بەسەر چەند شوێنێكی گرنگی شارەكەدا گرت.

ئوم عەلی، ژنێكی مووسڵە و هاوسەرەكەی لە شەڕ و ئاڵۆزییەكانی رۆژئاوای مووسڵ چەند رۆژێك بەر لە كەوتنی بە دەستی داعش لەدەست دا دەڵێت، حكوومەت ئێمەی بێ پاریزگاریكردن جێ هێشت، هەمووان لە حاڵەتێكی پەشۆكاو و ترسدا بوون، پۆلیس و سوپا هیچ پاڵپشتییەكی خەڵكیان نەكرد.

ئەبو ئەحمەد، كەسێكی دانیشتووی مووسڵە ئاماژە دەكات، من لە بازاڕ كارم دەكرد، كاتێك گوێبیستی شەڕ و رووبەڕووبوونەوەكان لە شەشی حوزەیران بووم، هەوڵم دا بگەڕێمەوە ماڵەوە، بەڵام رێگاكان داخرا بوون، بەهۆی توندتربوونی شەڕ تووشی ترس و نیگەرانی بووم بۆ خێزانەكەن.

پرۆسەی ئازادكردنی مووسڵ لە تشرینی یەكەمی 2016 دەستی پێ كرد، كاتێك هێزەكانی عێراق بە پاڵپشتیی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دەستیان بە هێرشێكی فرەوان بۆ ئازادكردنەوەی شارەكە كرد، دوای چەند مانگێك لە شەڕ، حكوومەتی عێراق لە 10ی تەمووزی 2017، رزگاركرنی تەواوەتیی مووسڵی راگەیاند، شەڕێكی دوورودرێژ و سەخت بوو، بووە هۆی وێرانكارییەكی فرەوان بۆ ژێرخانی شارەكە و زیانێكی گەورەی گیانیش بۆ خەڵكی شارەكە.

دوای ئەوەی بەسەر مووسڵ هات و لە شەشەم ساڵوەگەڕیی كەوتنی مووسڵ موئەیەد جحێشی، شارەزایەكی تەناهییە و خەڵكی مووسڵە گوتی، هێرشەكانی داعش لە مووسڵ بۆ گەمارۆدانی گرتووخانەی بادۆش و ئازادكردنی زیندانیانی بوو، كەچی ئەوەی رووی دا سوپا رووخا، كە لە رووی شەڕوانییەوە لاواز بوو و تەنیا 20%ی هێزە شەڕوانییەكان راستەقینە بوون، لە كۆی 60 هەزار شەڕوانی هێزە تەناهییەكان تەنیا 10 هەزار بوونیان هەبوو، دوای تەقینەوەی تەنكەرێكی سووتەمەنی بۆمبڕێژكراوی داعش هەموویان رووخان، سوپا بەتەواوەتی رووخا و هەموو چەك و تەقەمەنی خۆیان بە داعش دا و ئەوانیش دەوڵەتی خەلافەتیان راگەیاند.

سەبارەت بە هۆكاری كەتنی داعش روونی كردەوە، داوای سێیەم ماوەی فەرمانڕەوایەتی لەلایەن نووری مالیكی و بۆ سزادانی خەڵكی مووسڵ و تۆڵەسەندنەوە لێیان و دامەزراندنی دەوڵەتی داعش، بۆ تۆمەتباركردنی سوننە بە تیرۆر و گەندەڵی لە ریزەكانی سوپای عێراق و ونكردنی ئەو چەك و پارەی دزرا، هۆكاری كەوتنی مووسڵ بوون، جیا لە دامەزراندنی حەشدی شەعبی، ئەگینا ماقووڵە 285 چەكدار لە ماوەی سێ رۆژدا چوار فرقەی سەربازی ببەزێنن، دوو فرقەی پۆلیسی فیدراڵ و دوو فرقەی سوپا، جیا لە 30 هەزار پۆلیسی ناوخۆیی و 17 فەوجی فریاكەوتن.    



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل