ئیسرائیل چۆن دزەی كردە ناو حەماس و بارمتەكانی ئازاد كرد؟

:: PM:07:41:10/06/2024 ‌

لە چەند رۆژی رابردوو ئیسرائیل رای گەیاند كە توانیویەتی لە كەمپی نوسێرات چوار بارمەتەی لای بزووتنەوەی حەماس ئازاد بكات، كە حەماس لە هێرشەكەی 7ی تشرینی یەكەمی بۆ سەر ئیسرائیل گرتبوونی.

وەك پەیامنێری "سكای نیوز" و شایەتحاڵەكان لە ناوچەكە باسیان كرد، دوای ئۆپراسیۆنی "ئارنۆن"ی ئیسرائیلی وێرانكارییەكی فرەوان ناوچەكەی گرتووەتەوە، ئۆپراسیۆنەكە دوو بەش بوو، واتە لە دوو شوێن، لە یەكەمیان سێ بارمتە ئازاد كران و لە دووەمیش بارمەتەیەك.

هێزێكی تایبەتی ئیسرائیلی سێ بارمەتەكەی ئازاد كرد و پاشەكشەی كرد، ئەوان جلوبەرگی فەلەستینییان پۆشی بوو، تەنانەت ژمارەیەكیان باڵاپۆش بوون و هەندێكیان دشداشەیان لەبەر بوو، وەك ئاوارە كە بەدوای شوقەی بەكرێدا دەگەڕێن گەیشتنە تەلارەكە، دوای ئەوە هەڵیان كوتایە سەری و دەستیان بە تەقەكردن كرد.

شایەتحاڵێك دەڵێت، سعات 11ی بەیانی بوو من لە ماڵەوە دانیشتبووم، لەناكاو گوێبیستی دەنگی تەقەكردن بووم، لە بەلەكۆنەكە بینیم ژمارەیەك سەربازی كە جلی خۆیان گۆڕیبوو، هێرش دەكەنە سەر ماڵێك، ئەوان جلوبەرگی فەرمیی كەتیبەكانی قەسامیان لەبەر بوو، واتە باڵی سەربازیی حەماس.

شایەتحاڵێكی تر گوتی، سەرەتا هێرشبەران وەك كەسانێكی ئاسایی هاتن و بە پەیژەكاندا بۆ سەرەوەی تەلارەكە سەركەوتن، دەنگی تەقەی شەڕەكە ئەوەندە نەدەهات، چونكە چەكی دەنگبڕیان پێ بوو، دوای ئەوە هەلیكۆپتەرێك هات و لەسەر تەلارەكە وەستا و هەمووانی بار كرد و رۆیشت، شەڕەكە لەگەڵ چەكدارانی حەماس 45 خولەكی خایاند. 

لەو ئۆپراسیۆنە كە بۆردمانی ئاسمانی و تانكەكانی لەگەڵدا بوو 274 كەس كوژران، لەوكاتەی پرۆسەی ئازاكردنی چوارەم بارمتە ئاسانتر بوو و هیچ جۆرە شەڕێكی لەگەڵدا نەبوو، ئەو ئۆپراسۆنەی سوپای ئیسرائیل دوای چەند هەفتەیەك لە كۆكردنەوەی زانیاریی وردی هەواڵگری هات.  



وشە - مه‌حموود ئیسماعیل