كۆبوونه‌وه‌یه‌كی‌ دامه‌زراوه‌كانی‌ هه‌ولێر: كێشه‌ی ئاو له‌ وه‌رزی هاویندا بنبڕ بكرێت

:: PM:03:56:11/06/2024 ‌

 به‌ سه‌رپه‌رشتی ئومێد خۆشناو پارێزگاری هه‌ولێر، به‌ڕێوه‌به‌رانی گشتی و لایه‌نه‌ پێوه‌ندیداره‌كانی سنووری ئیداری پارێزگای هه‌ولێر، كۆبوونه‌وه‌یه‌كی فراوانیان له‌ دیوانی پارێزگا ئه‌نجام دا. 

له‌ كۆبوونه‌وه‌كه‌دا پارێزگاری هه‌ولێر ته‌واوی لایه‌نه‌كانی ناو كۆبوونه‌وه‌كه‌ی راسپارد، رێگری له‌ زێده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر موڵكی گشتیی و بازاڕه‌ میلییه‌كان بكرێت.

هه‌روه‌ها پارێزگاری هه‌ولێر رای گه‌یاند، پێویسته‌ ته‌واوی ئاسانكاریی له‌ پێناو راییكردنی مامه‌ڵه‌ و كاروباری هاووڵاتییان بكرێت، هه‌وڵ بدرێت رۆتین له‌ فه‌رمانگه‌كان كه‌م بكرێته‌وه‌.

به‌گوێره‌ی‌ راگه‌یه‌نراوێكی‌ پارێزگار، پرسی ئاو ته‌وه‌رێكی تری كۆبوونه‌وه‌كه‌ بوو، له‌مباره‌یه‌وه‌ پارێزگاری هه‌ولێر ته‌واوی لایه‌نه‌كانی راسپارد، كێشه‌ی ئاو له‌ وه‌رزی هاویندا بنبڕ بكرێت و ته‌واوی ئاماده‌كارییه‌كان له‌م پێناوه‌ راگه‌یه‌نرا.

هه‌روه‌ها له‌ كۆبووه‌نه‌كه‌دا گفتوگۆ له‌باره‌ی پرسی قوربانیكردن له‌ رۆژانی جه‌ژنی قوربان كرا و داوا كرا، هاووڵاتییان پابه‌ندی رێنوێنییه‌كانی‌ خۆپارێزی له‌ نه‌خۆشیی تای خوێنبه‌ربوون بن و له‌ پێناو سه‌لامه‌تییان، سه‌ربڕخانه‌كان بۆ ئه‌م مه‌به‌سته‌ به‌كار بهێنن.

هه‌روه‌ها ئاماژه‌ به‌ پرۆسه‌ی نۆژه‌نكردنه‌وه‌ی بازاڕه‌كانی قه‌یسه‌ری، له‌نگه‌ی هه‌ولێر و له‌ پێناو دووباره‌ گه‌ڕانه‌وه‌ی كاسبكاران بۆ سه‌ر كاری رۆژانه‌ی خۆیان كرا.

 



وشە - وشه‌