بەرچاوڕوونییەكی گرنگ بۆ ئەو مووچەخۆرانەی لە هەژماری من مووچە وەردەگرن

:: PM:09:46:11/06/2024 ‌
سەنتەری خزمەتگوزاری چاودێری هەژماری من رای گەیاند، مەرج نییە ئەو مووچەخۆرەی كە هەژماری بانكییەكەی لە بانكێكی دیاریكراودا كردووەتەوە، تەنیا لەو ATMـە مووچەكەی وەربگرێت كە تایبەتە بە بانكەكە، لە ئامێری راكێشانی تەواوی بانكەكانی تریش دەتوانێت مووچەكەی رابكێشێت، بەڵام لەكاتی راكێشانی مووچەكەیدا "عموولەیەكی زۆر كەم" دەگێردرێتەوە. 

ئەمڕۆ سێشەم 11ی حوزەیرانی 2024، سەنتەری خزمەتگوزاریی چاودێری هەژماری من بە "وشە"ی راگەیاند، لە ئێستەدا هەشت بانك بەشدارن لە پرۆسەی بە بانكیكردنی مووچەی مووچەخۆران و ئامێرەكانی راكێشانی پارەی زۆربەی بانكەكانیش ئێستە لە بنكەكانی راكێشانی پارە و مووچە لە بنكەكان دانراون. 

لەبارەی ئەوەی كە ئایا مەرجە تەنیا لەو ئامێرە مووچەخۆر مووچەكەی رابكێشێت كە هەژمارەكەی لێ كردووەتەوە؟ سەنتەری خزمەتگوزاریی چاودێری هەژماری من بە "وشە"ی گوت، لە هەر ئامێرێك مووچەكە رابكێشرێت ئاساییە، بۆ نموونە ئەوانەی هەژماریان لە بانكی "جیهان" بۆ كراوەتەوە، ئاساییە و دەتوانن لە ئامێری راكێشانی پارەی "ئارتی بانك"یش یا هەر ئامێرێكی تری بانكەكانی هەژماری مووچەكانیان وەرگرن یا بە پێچەوانەوە، بەڵام جیاوازییەكەی ئەوەیە "عموولەیەكی زۆر كەم" لەكاتی راكێشانی مووچەكە دەگێڕێتەوە، ئەمەیش لە بەرانبەر خزمەتگوزاری بانكییە. 

ئەوەی شیاوی باسە و تێبینی دەكرێت، لە هەندێك بنكەی راكێشانی پارەدا بەهۆی ئەوەی بە رێكەوت زۆرینەی مووچەخۆران هەژمارەكانییان لە یەك بانك كراوەتەوە، جار وایە نۆرە گرتن دروست بووە بۆ ئامێری راكێشانی پارەی بانكێكی دیاری كراو و ئامێری بانكەكانی تر هیچ مووچەخۆرێكی لێ نییە، ئەو مووچەخۆرانەی كە دەیانەوێت بە خێرایی پارەكانیان وەرگرن و كاریان هەیە لەو كاتەدا دەتوانن لەو ئامێرە مووچەكانیان رابكێشن كە لەو كاتەدا چۆڵە.


وشە - پۆڵا مەحموود