لە سێیەم هەفتەی دوای هێرشەكەی بزووتنەوەی حەماس بۆ سەر ئیسرائیل، حزبوڵا بۆ سووككردنی گوشارەكانی سەر بزووتنەوەی حەماس و غەزە، دەستی بە بۆردمانكردنی ئیسرائیل كرد، لەو ساتەوە سوپای ئیسرائیل ستراتیجیەتی شەڕی تەناهی لە دژی حزبەكە پێڕەو دەكات، لە رێگەی درۆن و هێرشە ئاسمانییەكانەوە زیاتر لە 300 چەكداری حزبوڵای كوشتووە، لەوانە دوو گەورە فەرماندەی سەربازی و ژمارەیەكی تری فەرماندەی مەیدانی.
ئەمڕۆ
سوپای ئیسرائیل رای گەیاند كە تا ئێستە 10 فەرماندەی حزبوڵای كوشتووە، لەوانە دووانیان لە ریزی پێشەوەی هێزی چەكداریی ئەو حزبەن، كە بریتین لە ویسام تەویل و تالیب عەبدوڵا، كە لەگەڵ سێ چەكداری حزبەكە لە لبنان كوژران، ئەو لە هەشت مانگی رابردوو رۆڵی گەورەی لە هێرشەكانی سەر ئیسرائیل هەبووە.
سەبارەت بەوانەی كوشتوونی، ئیسرائیل دەڵێت ویسام تەویل، فەرماندەی هێزی رەزوانە، ئەو هێزەی حزبوڵا بۆ شەڕی ئیسرائیل دروستی كردووە، جیا لە عەباس محەمەد رەعد و عەلی ئەحمەد حوسێن، كە فەرماندەی ناوچەیەكی هەمان هێزە، هەروەها عەلی محەمەد دبس و محەمەد حوسێن شحوری، فەرماندەی یەكەی مووشەكی لە هێزی رەزوان، ئیسماعیل یووسف باز، فەرماندەی كەرتی كەناراوەكانی حزبوڵا و عەلی عەبدولحەسەن نەعیم، جێگری فەرماندەی یەكەی مووشەك لە حزبوڵا و حەسەن مەحموود ساڵح، فەرماندەی هێرشەكان لە چیای دۆف و عەلی حوسێن بورجی، فەرماندەی یەكەی ئاسمانی لە باشووری لبنان و حەسەن حوسێن سەلامی، فەرماندە لە یەكەی نەسر، محەمەد عەلەوییە، فەرماندەی ناوچەی مارۆن راس و حوسێن یەزبەك، فەرماندەی ناوچەی ناقوورە، ئەوە لەوكاتەی ژمارەی كوژراوانی لبنانی لە بۆردمانەكانی ئیسرائیل گەیشتووە 444 كوژراو، لەوانە 334 كوژراو سەر بە حزبوڵای لبنانین.