گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان لە عێراق وادەی كۆتاهاتنی تۆماركردنی ناوی كاندیدان بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستانی دیاری كرد، دووپاتی كردەوە كە هەموو رێوشوێنەكانی بەڕێوەچوونی پرۆسەكە ئامادەیە، وەك ئاماژەیەك بۆ نزیكبوونەوەی دیاریكردنی وادەیەكی نوێ بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنەكە.
جومانە غەلای، گوتەبێژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان رای گەیاند، تا ئێستە كاركردن و ئامادەسازییەكان بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان بەردەوامە، كاتێك پارتی دیموكراتی كوردستان لە فەرمانگەی كاروباری حزب و رێكخستنە سیاسییەكان ئامادەیی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەكە پێشان داوە.
روونی كردەوە، دوای پرۆسەی كۆكردنەوەی ناوی كاندیدان و شیكردنەوەی داتاكان، ژمارەی بەشداران لە پرۆسەكە دیاری دەكرێت، ئاشكرای كرد كە سبەی پێنجشەم لەگەڵ كۆتاهاتنی دەوامی فەرمی دەرگەی خۆپاڵاوتن دادەخرێت.
غەلای دووپاتی كردەوە، بۆیە هەموو لایەنە یاسایی و ئیداری و دارایی و تەكنیكییەكان بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەكە ئامادەیە، رای گەیاند كە كۆمسیۆن پێوەندیی بە لایەنی سیاسییەوە نییە و تەنیا یاسا و پابەندی و بڕیارەكانی دادگای فیدراڵی جێبەجێ دەكات.
دوای پێداگریی پارتی لەسەر گەڕانەوەی كورسیی كۆتاكان، لە كۆتای مانگی رابردوو بڕیاری گەڕانەوەی بەشێك لە كورسیی كۆتاكان درا، ئەوەش وای كرد ئەو حزبە چاو بە بڕیاری بایكۆتی هەڵبژاردن بخشێنێتەوە، لە ماوەی ئەم هەفتەیە كۆمسیۆنی هەڵبژاردن رای گەیاند كە پارتی خواستی خۆی بۆ بەشداریكردن لە پرۆسەكە دەربڕیوە.
لەوكاتەی بەر لە چەند رۆژێك كۆمسیۆنی هەڵبژاردن پێشنیازی بۆ سەرۆكایەتیی هەرێمی كوردستان كردبوو كە دەكرێ پرۆسەكە لە مانگی ئەیلوولی داهاتوو بێتە سازكردن، ئەحمەد عوسمان، شارەزایەكی سیاسی ئاماژەی كرد، ئەگەری هەیە وادەی نوێی هەڵبژاردنی پەرلەمانی كوردستان لە مانگی ئەیلوول یان لە مانگی تشرینی یەكەمی داهاتوو بێت، بەگشتی پێشبینی دەكرێت بڕیارەكە دوای چەند رۆژێك لەلایەن سەرۆكایەتیی هەرێمەوە دەربچێت.